16. گۆڕینی زه‌مه‌ن
v پاشماوه‌ی هونه‌ری داستان
-------------------------------------
● ده‌یڤید لاج (David Lodge)
o وه‌رگێڕ: د. هاشم ئه‌حمه‌دزاده
توڕه‌یی مۆنیکا له ده‌موچاویدا له هه‌ڵچووندا بوو. "ئه‌وه ئاغای لۆید بوو که باسکێکی له ده‌وری ئه‌و هاڵاندبوو،" ئه‌و گوتی. "من ئه‌وانم بینی. ببووره که من ئه‌وه‌م بۆ گێڕایه‌وه. ڕۆز ته‌نیا که‌سێکه که باوه‌ڕم پێ ده‌کات."
ڕۆز ستانلی باوه‌ڕی پێ ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بوو که ئه‌و بێ ته‌فاوه‌ت بوو. ئه‌و له‌ناو هه‌موو برودییه‌کاندا له هه‌موان که‌متر به کاروباری ئه‌ویندارانه‌ی خانمی برودی، یان سێکسی هه‌ر که‌سێکی تر، تووشی هه‌یه‌جان ده‌بوو. وه ئه‌مه‌ش هه‌موو کاتێ هه‌ر وا بوو. دواتر، کاتێک که ئه‌و له باری سێکسه‌وه ناوبانگی ده‌رکرد، چلۆنایه‌تییه سه‌رنجڕاکێشه به‌ر‌زه‌که‌ی خۆی له‌و ڕاستییه‌دا ده‌بینیه‌وه که ئه‌و به هیچ شێوه‌یه‌ک له باری سێکسه‌وه پرسۆک نه‌بوو، ئه‌و قه‌ت له‌م باره‌وه باس و خواسی نه‌ده‌کرد. به‌و جۆره‌ی خانمی برودی ده‌یگوت، ئه‌و غه‌ریزه‌ی ئه‌م شته‌ی هه‌بوو.
"ڕۆز ته‌نیا که‌سێکه که باوه‌ڕم پێ ده‌کات،" مۆنیکا داگلاس وتی.
کاتێک ئه‌و له کۆتایی هه‌زار و نۆسه‌د و په‌نجاکاندا له ڕاهیبه‌خانه سه‌ردانی ساندی کرد، مۆنیکا وتی، "من به‌ڕاستی تیدی لۆیدم بینی که ڕۆژێک له هۆده‌ی هونه‌ر خانمی برودیی ماچ کرد."
"من ده‌زانم که تۆ بینیت،" ساندی وتی.
ئه‌و ئه‌مه‌ی پێشتریش ده‌زانی، خانمی برودی ڕۆژێک که ئه‌وان پاش کۆتایی شه‌ڕ، له هۆتێلی برا‌ید هیلس دانیشتبوون و خه‌ریکی خواردنی ساندویچ و خواردنه‌وه‌ی چا بوون، کۆپینی خانمی برودی له ماڵێ قه‌ت به‌شی چای نه‌ده‌کرد، ئه‌مه‌ی پێ گوتبوو. خانمی برودی به وشکهه‌ڵاتوویی و ماتی، به کۆته کۆن و بۆره‌که‌ی به‌رییه‌وه، دانیشتبوو. ئه‌و پێشتر له کاتی دیاریکراودا خانه‌نشین ببوو. ئه‌و وتی، "من سه‌رده‌می لاوێتیم تێپه‌ر کرد."
سه‌رده‌مێکی خۆش بوو،" ساندی وتی.
- موریه‌ل سپارک سه‌رده‌می لاوێتیی خانمی جین برودی (1961)-
ساکارترین شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی داستانێک، هه‌م بۆ شاعیرانی قه‌بیله و هه‌میش بۆ دایکوباوکان له کاتی خه‌وتندا، ده‌ستپێکردنی گێڕانه‌وه‌که‌یه له سه‌ره‌تاڕا و در‌ێژه‌پێدانی هه‌تا کۆتایی یاخود هه‌تا ئه‌وکاته‌ی گوێگر خه‌وی لێده‌که‌وێت. به‌ڵام، ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می کۆنیشدا، داستانبێژان له کارتێکه‌ریی به‌رچاوی لادان له نه‌زمی ڕاسته‌وڕاستی گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌نی ئاگادار بوون. حه‌ماسه‌ی کلاسیک له ناوه‌ڕاستی داستانه‌وه ده‌ستی پێده‌کرد. بۆ نموونه، حه‌کایه‌تی ئۆدیسه له نێوه‌ڕاستی سه‌فه‌ره پڕمه‌ترسییه‌که‌ی پاڵه‌وانه‌وه له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له شه‌ڕی ترۆیاوه ده‌ست پێده‌کات و له وه‌سفی ڕووداوگه‌لی پێشووی ئه‌وه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه و دواتر هه‌تا ئاکامی داستانه‌که له ئیتاکا درێژه‌ی پێده‌درێت.
به هۆی گۆڕینی زه‌مه‌ن، گێڕانه‌وه خۆی له ئاراسته‌کردنی ژیان وه‌ک شتگه‌لی به‌له‌عنه‌تکراوی یه‌ک له‌دوای یه‌ک ده‌پارێزێ و ئیزنی ئه‌وه به ئێمه ده‌دات که له‌نێوان ڕووداوه په‌رشوبڵاوه‌کان پێوه‌ندییه‌کی هۆکارێتی و کینایه‌یی ساز که‌ین. گۆڕینێکی زه‌مه‌نی له گێڕانه‌وه‌دا که ته‌رکیز له‌سه‌ر زه‌مه‌نی ڕابردوو ده‌کات له وانه‌یه شرۆڤه‌ی ئێمه له‌مه‌ڕ شتێک که له ڕه‌وتی زه‌مه‌نیی ڕاسته‌وڕاستی داستانه‌که زۆر دواتر ڕوو ده‌دات، به‌ڵام ئێمه وه‌ک خوێنه‌ره‌وه‌ی ده‌ق پێشتر ئه‌زموونمان کردووه، بگۆڕێت. ئه‌وه شگردێکی باوی سینه‌مایه که به فلاشبه‌ک یاخود ڕووناکی خستنه سه‌ر ڕابردوو ناسراوه. فیلم زۆری گرفت هه‌یه له جێبه‌جێکردنی کارتێکه‌ریی "فلاش‌فۆروارد" – خه‌یاڵی پێشبینیکردنی ئه‌وه‌ی که له داهاتوودا چ ڕوو ده‌دات، شتێک که زانایانی ئاخاوتن له ڕابردوودا پێیان ده‌وت "پرۆلێپسیس". هۆی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که زانیاریی له‌م چه‌شنه پێویستیی به هه‌بوونی گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ک هه‌یه که هه‌موو داستانه‌که ده‌زانێت، وه فیلمیش به شێوه‌یه‌کی باو گێڕه‌ره‌وه‌ی نییه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه جێگای سه‌رنجه که فیلمی سه‌رده‌می لاوێتیی خانمی جین برودی، به به‌راورد له‌گه‌ڵ خودی ڕۆمانه‌که که ئه‌م فیلمه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ساز کرابوو، که‌متر ئاڵۆز بوو و نوێکاریشی که‌متر تێدابوو. فیلمه‌که به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وڕاستی زه‌مه‌نێکی نه‌زمدار داستانه‌که ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌مه له کاتێکدایه که به‌رچاویی ڕۆمانه‌که له گۆڕینی زه‌مه‌ن و پاش و پێشکردنی خێرای ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان دایه.
داستانه‌که باس له جین برودی ده‌کات که مامۆستایه‌کی کاریزمایی و نائاسایییه له قوتابخانه‌یه‌کی کچانه‌ی ئێدینبورگ له‌نێوان دوو شه‌ڕی جیهانیدا، وه هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک خوێندکاری ژێر چاوه‌دێریی ئه‌و که بریتین له مۆنیکا که به هۆی زیره‌کی له بیرکاری‌دا ناوبانگی هه‌بوو، ڕۆز که له‌باری سێکسه‌وه به‌ناوبانگ بوو، وه ساندی سترینجێر که له‌به‌ر ده‌نگه بزوێنه‌کانی و هه‌روه‌ها به‌تایبه‌تی له‌به‌ر چاوه یه‌کجار چکۆله‌کانی به‌ناوبانگ بوو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م چاوانه هیچ که‌موکورییه‌کیان نییه و ساندی کاراکتێری سه‌ره‌کیی ڕوانگه‌ی رۆمانه‌که‌یه.
داستانه‌که کاتێک ده‌ست پێده‌کات که کچه‌کان له قوتابخانه‌ی ناوه‌ندین، وه بۆ باسی سه‌رده‌می قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی خۆیان، کاتێک که کارتێکه‌ریی خانمی برودی له‌و په‌ڕی توانایی خۆیدا بوو، به‌خێرایی بۆ دواوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و به‌رده‌وام باز ده‌ده‌نه داهاتوو بۆ ئه‌وه‌ی که وێنایه‌ک له سه‌رده‌می قه‌یره‌یی خۆیان بخه‌نه ڕوو، وه ئێستاش له ژێر کارتێکه‌ریی بیره‌وه‌ییه‌کانی مامۆستا شازه‌که‌یان دان.
کاتێک که له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایین زۆر به وه‌سواسه‌وه باس له ژیانی سێکسوالی خانمی برودی ده‌که‌ن، به‌تایبه‌ت مه‌راقی ئه‌وه‌یان هه‌یه که ئایا ئه‌و چ پێوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ ئاغای لۆید که هونه‌رمه‌ندێکی خۆشتیپ بوو و ناوه‌رۆکی قۆڵی کراسێکی له شه‌ڕی گه‌وره‌دا له‌ده‌ست دابوو، هه‌یه [مه‌به‌ست له‌ده‌ستدانی باسکێتی]. مۆنیکا ده‌ڵێت که ئه‌و له هۆده‌ی هونه‌ر ئه‌وانی له باوه‌شی یه‌کتردا بینیوه و له‌وه توڕه‌یه که ته‌نیا ڕۆز باوه‌ڕی پێده‌کات. سه‌رنجه‌کانی بۆ ساندی له ساڵانی دواتردا ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که ئه‌م شکه هێشتاش هه‌ر ئازاری ده‌دات. ساندی که له‌م کاته‌دا له ته‌ریقه‌تێکی داخراودا بووه‌ته راهیبه، دان به‌وه‌دا دێنێت که مۆنیکا ڕاست ده‌کات.
گێڕه‌ره‌وه پێمان ده‌ڵێت که ساندی به‌ر له‌وه‌ی که ته‌نانه‌ت خانمی برودی دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕ ئه‌و شته‌ی پێ بڵێت، ئه‌مه‌ی ده‌زانی.
له‌و کورته به‌شه‌ی که له سه‌رێدا هاتووه خوێنه‌ره‌وه به هانکه‌هانک و به‌خێرایی له‌نێوان کۆمه‌ڵێک خاڵی جیاوازی زه‌مه‌نیدا جوڵه‌ی پێکراوه. له لایه‌کڕا زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه سه‌ره‌کییه‌که له ئارادایه که ڕه‌نگه کۆتایی هه‌زار و نۆسه‌د و بیسته‌کان بێ، کاتێک که کچه‌کانی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی خه‌ریکی باسکردنی ژیانی ڕۆمانتیکی خانمی برودین. له لایه‌کی تره‌وه زه‌مه‌نی سه‌رده‌می قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی له هه‌زار و نۆسه‌د و سییه‌کان له ئارادایه، کاتێک ڕۆز له باری سێکسه‌وه ناوبانگ ده‌رده‌کات. هه‌روه‌ها زه‌مه‌نی کۆتایی هه‌زار و نۆسه‌د و په‌نجاکانیش له گێڕانه‌وه‌که‌دا ئاماده‌یه کاتێک که مۆنیکا سه‌ردانی ساندی له ده‌یره‌که‌یدا ده‌کات. کۆتایی هه‌زار و نۆسه‌د و چله‌کان، کاتێک ساندی خه‌ریکی خواردنه‌وه‌ی چایه له‌گه‌ڵ خانمی به‌تۆپزی خانه‌نشینکراوی برودی، زه‌مه‌نێکی تری ناو گێڕانه‌وه‌که‌یه. له هه‌مان کاتدا زه‌مه‌نێکی ده‌ستنیشاننه‌کراویش هه‌یه که بریتییه له کاتێک که ساندی بۆی ده‌رده‌که‌وێت خانمی برودی له لایه‌ن ئاغای لۆیده‌وه له هۆده‌ی هونه‌ردا ماچ کرابوو.
ئێمه زۆر دواتر ده‌زانین که ئه‌و ئه‌م شته‌ی له قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی بۆ ده‌رکه‌وت. هه‌ڵکه‌وته‌که گفتوگۆیه‌که تێیدا خانمی برودی ده‌ڵێت که ڕۆز ده‌بێته حه‌زی ئاغای لۆید و جێگای ئه‌و ده‌گرێته‌وه، چونکی ئه‌و خۆی فیدای کچه‌کانی کردووه. ساندی بڕیار ده‌دات که شتێکی پڕمه‌ترسی و و هه‌روه‌ها شادیهێنه‌ر له‌مه‌ڕ خۆویستیی مامۆستاکه‌ی له ئارادایه. "ئه‌و پێی وایه که ژیانی ئێمه‌ی له به‌ر ده‌ست دایه، ساندی بیری کرده‌وه، ئه‌و پێی وایه خودای کالڤینه و سه‌ره‌تا و کۆتایی شته‌کان ده‌بینێ." هه‌ڵبه‌ت، له ڕاستیدا، ڕۆماننووسانیش سه‌ره‌تا و کۆتایی داستانه‌کانی خۆیان ده‌زانن، به‌ڵام لێره‌دا هه‌روه‌ک موریه‌ل سپارک ده‌ڵێت ،... ، له‌نێوان داستانگه‌لی به‌که‌ڵک و وه‌همگه‌لی مه‌ترسیداردا جیاوازییه‌ک هه‌یه – هه‌روه‌ها، ڕه‌نگه، له‌نێوان خودای کاتۆلیک که ئیزنی ئیراده‌ی ئازاد ده‌دات و خودای کالڤینیستی که ئه‌م ئیزنه نادات. له شوێنێکی تری ڕۆمانه‌که‌دا وه‌سفێکی گۆیا هه‌یه له‌مه‌ڕ باوه‌ڕی کالڤین سه‌باره‌ت به قه‌ده‌ر، باوه‌ڕێک که پێێ وایه "خوداوه‌ند به کرده‌وه به‌ر له له‌دایکبوونی هه‌رکه‌سێک پلانی کۆتایییه‌کی ناخۆشی له کاتی مردنیدا بۆ داڕشتووه."
ساندی پێشبینیی خانمی برودی وه‌درۆ ده‌خاته‌وه، وه بۆخۆی ده‌بێت به حه‌زی ئاغای لۆید و به‌مجۆره داوای ئه‌و له‌مه‌ڕ کۆنترۆلی چاره‌نووسی خه‌ڵکانی تر ده‌خاته ژێر پرسیار. دواتر له لای کاربه‌ده‌ستانی قوتابخانه ڕاپۆرتێک له خانمی برودی ده‌دات که گۆیا ئه‌و خوێندکارێکی تری ناردووه‌ته ماجه‌رایه‌کی مه‌ترسیدار بۆ سپانیای فاشیست. هه‌ر بۆیه‌شه له‌م به‌شه‌ی که ئاماژه‌مان پێ‌کرد خانمی برودی وه‌ک "خیانه‌تلێکراو" وه‌سف کراوه، وه ساندی قه‌ت وێناچێ، سه‌ره‌ڕای ئایینیبوونی، له‌م باره‌وه له‌م گوناهه ڕزگاری بووبێت. خانمی برودی وه‌ک "وشکهه‌ڵاتوو" پێناسه کراوه چونکی به هۆی سه‌ره‌تانه‌وه خه‌ریکه ده‌مرێ، وه ئه‌مه‌ش دیمه‌نێکی غه‌مگینانه‌یه. به‌ڵام ئه‌مه له پێش ناوه‌ڕاستی ڕۆمانه‌که‌دا هاتووه، وه مرۆڤ دواتر تووشی زۆر په‌ژاره‌ی تری خانمی برودی له سه‌رده‌می لاوی‌دا ده‌بێت.
له داستانی نوێ‌دا گۆڕینی زه‌مه‌ن کارتێکه‌رییه‌کی زۆر باوی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه یان له ئاراسته‌کردنی خوڕاوگه‌ی بیری کاراکتێرێکدا، وه‌ک کارکردی بیره‌وه‌ری "سروشتاندراوه" (مۆنۆلۆگی ناوخۆیی مۆلی بلووم به‌رده‌وام له قۆناغێکی ژیانی ئه‌و بۆ قۆناغێکی تر، وه‌ک لاسکی گرامافۆنێک که له‌نێوان ئاهه‌نگه‌کانی سه‌فحه‌یه‌کدا بۆ پێش و پاش ده‌چێت، جێگۆڕکێ ده‌کات) یاخود، به شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمیتر، وه‌ک بیره‌وه‌ری و یان وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی کاراکتێر- گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ک (بۆ نموونه، داوێل له سه‌ربازی چاکی فۆرددا). کۆتایی سه‌ودای گراهام گرین (1951) نواندنێکی هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئه‌و شێوه‌یه‌ی دواتره. گێڕه‌ره‌وه‌که نووسه‌رێکی پڕۆفیسیۆناله به ناوی بێندریکس که له سه‌ره‌تای گێڕانه‌وه‌که‌یدا هێنری، هاوسه‌ری سارا که بێندریکس ساڵانێک پێشتر پیوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵدا هه‌بووه، پێوه‌ندییه‌ک که سارا له ناکاوڕا ده‌یشکێنێت، ده‌بینێت، بێندریکس که پێیوابوو سارا که‌سێکی تری بینیبۆوه، هێشتاش حه‌سوود و تووڕه‌یه، وه، کاتێک که هێنری شکی خۆی له‌مه‌ر بێوه‌فایی سارا ده‌درکێنێ، بێندریکس به دێزه‌یی کاراگایه‌ک ده‌گرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕازی سارا. ئه‌وه‌ی که کاراگاکه ده‌یدۆزێته‌وه بریتییه له یادداشتێک که تێیدا سارا له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه باس له پێوه‌ندییه‌که‌ی خۆی له‌گه‌ڵ بێندریکسدا ده‌کات و تێیدا په‌رده له سه‌ر هۆکارێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو هه‌ڵده‌داته‌وه له‌مه‌ڕ تێکدانی پێوه‌ندییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ بێندریکسدا و هه‌روه‌ها باسی وه‌رگه‌ڕانێکی ئایینیی شکلێنه‌کراویش ده‌کات. ئه‌م ڕووداوانه ئه‌وه‌نده ماقوڵ و دراماتیکن که بۆ ئه‌وه ده‌شێن له ده‌ره‌وه‌ی شوێنی نه‌زمداری تایبه‌تیی خۆیاندا بگێڕدرێنه‌وه.
تێکه‌ڵاوکردنی به‌رده‌وامی گۆڕینی زه‌مه‌ن له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی سێهه‌م که‌سییانه‌ی موریه‌ل سپارک ستراتێژییه‌کی به‌رچاوی پۆستمۆدێرنیستییه، ستراتێژییه‌ک که به دوای ڕاکێشانی سه‌رنجه بۆ پێکهاته‌ی ده‌ستکردییانه‌ی ده‌ق، وه پێشگیریکردن له وه‌ی که ئێمه خۆمان له به‌رده‌وامیی زه‌مه‌نیی خه‌یالیی داستان یاخود له قوڵایی ده‌روونیی کاراکتێری ناوه‌ندیدا "ون که‌ین".
قه‌سسابخانه‌ی ژماره پێنجی کورت ڤۆننێ‌گوت (1969) نموونه‌یه‌کی تری سه‌رنجڕاکێشه. نووسه‌ر هه‌ر له به‌راییدا پێمان ده‌ڵێت که داستانی پاڵه‌وانی ئه‌و، بیلی پیلگریم، داستانێکه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌زموونێکی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی وه‌ک دیلێکی شه‌ڕ له درێسدێندا کاتێک که ئه‌م شوێنه به هۆی بۆمبی هێزی هاوپه‌یمانه‌کان له 1945دا وێران کرا، یه‌ک له ترسناکترین هێرشه ئاسمانییه‌کانی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی. داستانه‌که ئا‌وا ده‌ست پێده‌کات: "گوێ بگره. بیلی پیلگریم له زه‌مه‌ندا هه‌ره‌سی هێناوه،" وه به‌رده‌وام و کوتوپڕ له نێوان ڕووداوگه‌لی جیاواز له ژیانی سیڤیلی بیلی وه‌ک چاویلکه‌سازێک، هاوسه‌رێک و بابێک له ناوه‌ڕاستی ئامریکادا، وه ڕووداوگه‌لی به‌شداریی بیلی له شه‌ڕدا که دواجار ده‌گاته وه‌حشه‌تی درێسدێن، جێگۆڕکێ ده‌کات.
ئه‌وه له ڕاستیدا شتێکه پتر له کارکردی بیره‌وه‌ری. بیلی "سه‌فه‌ربه‌ری زه‌مه‌نه". ئه‌و له‌گه‌ڵ شاره‌زایانی زه‌ربه‌خواردووی تردا به یارمه‌تیی ئه‌فسانه‌ی داستانی زانستیی ماندوویی‌نه‌ناسیی سه‌فه‌ر له زه‌مه‌ن و فه‌زای گروپگه‌لی ئه‌ستێره‌کاندا (که به زه‌مه‌نی "ساڵی نووری" ئه‌ندازه ده‌گرترێن)، به شوێن ده‌ربازبوونه له ڕاستییه له‌تاقه‌تنه‌هاتووه‌کانی مێژووی نوێ. ئه‌و ده‌ڵێت که بۆ ماوه‌یه‌ک دوور خراوه‌ته‌وه هه‌ساره‌ی ترالفامدۆر، شوێنێک که نیشته‌جێکانی بریتین له جانه‌وه‌ری ورد که وه هه‌ڤالانی لوله‌کێش ده‌چن که چاوێکیان له‌سه‌ر سه‌ریان هه‌یه. ئه‌و به‌شانه به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو هه‌م جۆرێکن له تانه‌لێدان له داستانی زانستی و هه‌روه‌ها له باری فه‌لسه‌فییه‌وه جیددین. له لای دانیشتوانی ترالفامدۆر هه‌موو کاته‌کان له یه‌ک زه‌مه‌ندا ئاماده‌ن، وه مرۆڤ ده‌توانێ بۆخۆی سه‌رپشک بێت له‌وه‌ی که له چ زه‌مه‌نێکدا خۆی ببینێته‌وه. ئه‌وه بزووتنی یه‌کئامانجانه و له‌گۆڕاننه‌هاتووی زه‌مه‌نه که له ڕوانگه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤه‌وه ژیان ده‌کاته تراژێدیا، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که مرۆڤ باوه‌ڕی به ئه‌به‌دییه‌تێک هه‌بێت که تێیدا زه‌مه‌ن دیسان وه‌ده‌ست دێته‌وه و کارتێکه‌رییه‌کانی ده‌پارێزرێن. قه‌سسابخانه‌ی ژماره پێنج بیرکردنه‌وه‌یه‌کی پڕحه‌سره‌ته و هانده‌ری ئه‌ندێشه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه، پۆست مه‌سیحی و هه‌روه‌ها پۆستمۆدێرنیستییه. یه‌ک له وێنه هه‌ره ئاواتخواز و سه‌رنجڕاکێشه‌کانی به‌شێکه له فیلمێکی شه‌ڕ که بیلی پیلگریم له دواوه‌ڕا چاوی لێده‌کات:
فڕۆکه ئامریکاییه‌کان، پڕ له کون و پیاوانی بریندار و مه‌یت له فڕۆکه‌خانه‌یه‌کی ئینگلیسه‌وه به‌ره‌و دواوه هه‌ڵفڕین. له ئاسمانی فه‌ڕانسه‌دا چه‌ند فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری ئاڵمانی له پشته‌وه‌ڕا بۆیان چوون، وه له هێندێک له فڕۆکه‌کانه‌وه کۆمه‌ڵێک گولله و تۆپیان پێوه نرا. ئه‌وان ئه‌م کاره‌یان له‌گه‌ڵ بۆمبهاوێژه تێکشکاوه‌کانی ئامریکایی له‌سه‌ر عه‌رزیش کرد، وه فڕۆکه‌کان بۆ په‌یوه‌ستبوون به ده‌سته‌ی خۆیان به‌ره‌و دواوه فڕین.
مارتین ئامیس له‌م دواییانه‌دا (به پێ‌زانین له ڤۆننه‌گوت) ئه‌م ئیستیعاره دوور له زه‌ینه‌ی کردووه‌ته کتێبێکی ته‌واو به ناوی که‌وانی زه‌مه‌ن که ژیانی نازییه‌کی جینایه‌تکاری شه‌ڕ له کاتی مردنییه‌وه هه‌تا له‌دایکبوونی ده‌گێڕێته‌وه. له سه‌ره‌تادا کارتێکه‌ریی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌کی کۆمێدییانه ناحه‌زه، وه دواتر کاتێک به‌سه‌رهاته‌که له وه‌حشه‌ته‌کانی هۆلۆکاوست نزیک ده‌بێته‌وه پتر و پتر ئازار ده‌چێژێت و ئازار ده‌گه‌یه‌نێت. ده‌کرێ ئه‌م داستانه وه‌ک جۆره به‌رزه‌خێک ڕاڤه بکرێت که تێیدا ڕۆحی کاراکتێری سه‌ره‌کی مه‌جبور کراوه ڕابردووی پڕوه‌حشه‌تی خۆی زیندوو کاته‌وه، وه ده‌شکرێ وه‌ک ئه‌فسانه‌ی شه‌یتانێکی له ئارادا نه‌ماو بخوێندرێته‌وه که نه‌بوونی یه‌کجار زۆر خۆیایه. وێده‌چێ زۆربه‌ی نموونه‌گه‌لی ئه‌زموونیی ڕادیکالی کرۆنۆلۆژیای گێڕانه‌وه که به زه‌ین ده‌گه‌ن، باس له جینایه‌ت و گوناھ بکه‌ن.
t درێژه‌ی هه‌یه
<< Home