15. ڕاچڵه‌کاندن (سورپریز)
v پاشماوه‌ی هونه‌ری داستان
-------------------------------------
● ده‌یڤید لاج (David Lodge)
o وه‌رگێڕ: د. هاشم ئه‌حمه‌دزاده
"دیسان ده‌یڵێمه‌وه، من تۆم ده‌وێ،" سێر پیت له کاتێکدا مێزه‌که‌ی ده‌کوتا ئه‌مه‌ی گوت. "من به بێ تۆ ناتوانم درێژه به ژیان بده‌م. هه‌تا تۆ نه‌ڕۆێشتی تێنه‌گه‌یشتم چ ڕووی دا. له‌م ماڵه‌دا هه‌موو شتێک تێکچووه. ئیتر هه‌مان شوێن نییه. هه‌موو حیساباتی من دیسان تێکچوون. تۆ ده‌بێ بگه‌ڕێیه‌وه. تکایه وه‌گه‌ڕێ. بێکیی ئازیز، تکایه وه‌گه‌ڕێ."
"بێمه‌وه- وه‌ک چی، سێر؟" ڕێبێکا به هه‌ناسه‌کێشانه‌وه گوتی.
"وه‌ک خاتوو کراولی وه‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر پێتخۆشه،" بارۆنێت[میر] گوتی له کاتێکدا ده‌ستی به کڵاوه ڕه‌شه‌که‌ی گرتبوو. "ئه‌وێ! ئه‌مه ڕازیت ده‌کات؟ وه‌ره‌وه و ببه به هاوسه‌ری من. ئه‌تۆ هه‌ر ئه‌و ژنه چاکه‌ی که من هه‌موو کاتێ ناسیومی. تۆ له هه‌ر ژنه ئه‌شڕافییه‌ک له‌م وڵاته عاقڵتری. دێیه‌وه؟ ئا یان نا؟"
"ئۆ، سێر پیت!" ڕێبێکا به غه‌مناکییه‌کی زۆره‌وه ئه‌مه‌ی گوت.
"بڵێ به‌ڵێ، بێکی،" سێر پیت درێژه‌ی دا. "من پیاوێکی پیرم، به‌ڵام پیرێکی باش. من هه‌تا بیست ساڵی تریش باشم. من تۆ خۆشحاڵ ده‌که‌م، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م کاره‌م نه‌کرد، تۆ هه‌رچی پێت خۆش بێ بیکه؛ هه‌رچی پێت خۆشه خه‌رجی که؛ وه له هه‌موو شتێکدا سه‌رپشک به. من تۆ داده‌مه‌زرێنم. بڕوانه، هه‌موو شتێک به‌ڕێکوپێکی ده‌که‌م." وه پیره‌پیاو که‌وته سه‌ر چۆکان و به نیگایه‌کی حیزانه وه‌ک ساتیر [خودایه‌کی یونانی کۆن که نیوه‌ی مرۆڤ و نیوه‌ی بزن بوو] ڕوانییه بێکی.
ڕێبێکا به ترس و سه‌رسوڕمانه‌وه به‌ره‌و دواوه گه‌ڕاوه. له میانه‌ی ئه‌م مێژووه‌دا ئێمه قه‌ت ئه‌ومان نه‌بینیوه ئاوا ئاماده‌گیی زه‌ینی له ده‌ست بدات؛ به‌ڵام ئێستا له ده‌ستی دابوو، وه هێندێک له ڕه‌سه‌نترین فرمێسکه‌کانی ڕشت که له ژیانیدا به چاوانیدا هاتبوونه خوار.
"ئۆ، سێر پیت!" ئه‌و گوتی. "ئۆ، سێر- من- من زه‌ماوه‌ندم کردووه." - ویلیا‌م مه‌یکپیس تاکێرای غروری جوان (1848)-
زۆربه‌ی گێڕانه‌وه‌کان تۆوێکی ڕاچڵه‌کاندنیان تێدایه. ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین هه‌موو گرێکانی گرێچن پێشبینی بکه‌ین، وێناچێ که گرێچنێکی وا ڕامانکێشێت. به‌ڵام گرێکان ده‌بێ له هه‌مان کاتدا که چاوه‌ڕواننه‌کراون توانایی ئه‌وه‌شیان هه‌بێ که جێگای متمانه بن. ئه‌ره‌ستو ئه‌م شته به پێریپێتیا یاخود ئاوه‌ژوویی ناودێر ده‌کات و ئه‌ویش بریتییه له گۆڕانی له‌ناکاوی حاڵه‌تێک له شته‌کان بۆ حاڵه‌تێکی به‌پێچه‌وانه، که زۆر جاران له‌گه‌ڵ "دۆزینه‌وه" تێکهه‌ڵکێش ده‌کرێت، به واتایه‌کی تر گواستنه‌وه‌ی نه‌زانیی کاراکتێرێک بۆ زانین. نموونه‌که‌ی ئه‌ره‌ستو بریتی بوو له دیمه‌نێک له ئۆدیپۆس رێکسدا، کاتێک که ئه‌و په‌یامنێره‌ی که هاتووه بۆ دڵنیاکردنی پاڵه‌وان سه‌باره‌ت به بنج و بنه‌وانی ئه‌و له ڕاستیدا بۆی ئاشکرای ده‌کات که ئه‌و باوکی خۆی کوشتووه و له‌گه‌ڵ دایکی زه‌ماوه‌ندی کردووه.
له دووپاتکردنه‌وه‌ی چیرۆکێکی ناسراوی وه‌ک هی ئۆدیپۆس، ڕاچڵه‌کاندن له لایه‌ن کاراکتێره‌کانه‌وه ئه‌زموون ده‌کرێ نه‌ک له لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه که کارتێکه‌ریی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر ئه‌وان جۆرێکه له کینایه(بڕوانه به‌شی 39). به‌ڵام ڕۆمان له ئاست وه‌ئه‌ستۆگرتن(یان وا نیشاندانی) ئه‌وه‌ی که ته‌واو چیرۆکی تازه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، له هه‌موو شێوه‌کانی پێشتری گێڕانه‌وه جیاوازه. بۆیه له یه‌که‌م خوێندنه‌وه‌دا وێده‌چێ زۆربه‌ی ڕۆمانگه‌ل ڕاچڵه‌کاندنێکیان تێدا بێت، ئه‌گه‌رچی هێندێک ڕۆمان لایه‌نی ڕاچڵه‌کاندنیان له هێندێک ڕۆمانی تر پتره.
تاکێرای توانیوێتی زۆر ڕاچڵه‌کاندن له‌م دیمه‌نه‌ی غروری جوان‌دا کۆ کاته‌وه. بێکی شارپ، مامۆستایه‌کی بێ پاره و هه‌تیو، به پێشنیاری زه‌ماوه‌ند له لایه‌ن میرێکه‌وه، ڕاچڵه‌کیوه؛ سێر پیت کراولی و خوێنه‌ره‌وه‌ش به زانینی ئه‌وه‌ی که بێکی مێردی کردووه، ڕاده‌چڵه‌کێن. تاکێرای که‌ڵکیکی زۆرتر له‌م هه‌لومه‌رجه وه‌رده‌گرێت. هه‌ر ئه‌وجۆره‌ی کاتلین تیلۆتسۆن له کتێبی ڕۆمانگه‌لی هه‌زاروهه‌شتسه‌دوچله‌کانی خۆیدا بینیوێتی، ئه‌م بڕگه‌یه که به‌شی چارده‌ی ڕۆمانه‌که پێکدێنێت، هه‌روه‌ها له کۆتایی چواره‌مین ژماره‌ی چاپی یه‌که‌می زنجیره‌یی کتێبه‌که‌دا هاتووه. هه‌ر بۆیه ده‌بێ خوێنه‌ره‌وانی یه‌که‌می ئه‌م ڕۆمانه، سه‌باره‌ت به ناسنامه‌ی مێردی بێکی، بۆ ماوه‌یه‌ک ده چاوه‌ڕوانیدا ڕاگیرابن(وه‌ک بینه‌رانی زنجیره‌یه‌کی نوێی ته‌له‌ڤیزیۆن). قیاسێک که بۆ هاوچه‌رخانی تاکێرای ڕوویان داوه ده‌کرێ وه‌ک کۆتایی په‌رده‌یه‌ک له شانۆدا بووبێ. تابڵۆی پیاوێکی پیر که له به‌رامبه‌ر ژنێکی جوان و گه‌نج و په‌رێشاندا که‌وتووه‌ته سه‌ر چۆکان له بنه‌ڕه‌تدا شانۆگه‌رییانه‌یه، وه ئه‌وه‌ی که بێکی ده‌ڵێت "ئۆ، سێر- من- من زه‌ماوه‌ندم کردووه" کۆتایی کلاسیکییانه‌ی په‌رده‌یه‌که که مشت‌ومڕ و ده‌نگه‌ده‌نگی جه‌ماوه‌ری بینه‌ر له ماوه‌ی پشوودانێکدا ده‌سته‌به‌ر ده‌کات.
به‌شی دواتر ته‌رخانه به ئه‌و پرسه‌ی که بێکی له‌گه‌ڵ کێ زه‌ماوه‌ندی کردووه، بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێکی خێرا بداته‌وه. نیوه‌خوشکی سێر پیت، خانمی کراولی، له ناکاو ڕا وه‌ژوور ده‌که‌وێ و براکه‌ی ده‌بینێ که له به‌رامبه‌ر بێکیدا چۆکی داداوه؛ ئه‌و ڕاده‌چڵه‌کێ، به تایبه‌تی که ده‌زانێ پێشنیاری براکه‌ی ڕه‌دیش کراوه‌ته‌وه. تاکێرای هه‌تا کۆتایی به‌شه‌که ئاشکرای ناکات که بێکی به‌دزی له‌گه‌ڵ برازای خانمی کراولی، راودۆن کراولی که ئه‌فسه‌رێکی ده‌ستبڵاوی هیزی زرێهییه، زه‌ماوه‌ندی کردووه.
کارتێکه‌رییه‌کی له‌م چه‌شنه پێویستی به خۆئاماده‌کردنێکی هێژایانه هه‌یه. هه‌روه‌ک چۆن له ورده‌کاریی ئاگروازییه‌کدا، فتیله‌یه‌ک که به ئاسپایی ده‌سووتێ، له کۆتاییدا ده‌بێته هۆی کۆمه‌ڵێک ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره‌ی خێرا. ده‌بێ زانیاریی پێویست به خوێنه‌ره‌وه بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی کاتێک زه‌مه‌نی ئاشکراکردنه‌که دێت، جێی متمانه بێت، به‌ڵام ئه‌و زانیارییه نابێ ئه‌وه‌نده بێت که خوێنه‌ره‌وه به سانایی بتوانێ پێشبینی بکات. تاکێرای لای خۆی زانیاریی ڕاده‌گرێت، به‌ڵام فێڵ ناکات. ئه‌و له‌م به‌شه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌یدا به‌شێوه‌یه‌کی باش که‌ڵک له نامه وه‌رده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی کارێک بکات که بێده‌نگیی شازی خۆی وه‌ک گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ک سروشتیتر نیشان بدات.
به دوای سه‌رنه‌که‌وتن له هه‌وڵه‌کانی بۆ وه‌ده‌ستهێنانی برای دۆستێکی خۆی به نێوی ئامێلیا وه‌ک مێرد له سه‌ره‌تای چیرۆکه‌که‌دا، بێکیی بێ پاره مه‌جبووره ببێت به مامۆستای سه‌رماڵێی دوو کچه‌کانی سێر پیت و دووهه‌م ژنی نه‌خۆشی. بێکی خۆی وا نیشان ده‌دات که له ڕاست میری پیر و توڕه و بێچاره‌دا و هه‌روه‌ها له‌ئاست نیوه‌خوشکه بیوه‌ژنه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌یدا بێ بایه‌خه. خانمی کراولی خه‌یاڵێکی وا لای بێکی دروست ده‌کات که ئه‌و ده‌یهه‌وێت له کاتی نه‌خۆشیدا له ماڵی له‌نده‌ن له لایه‌ن ئه‌مه‌وه په‌ره‌ستاریی لێبکرێت. سێر پیت به بێمه‌یلی ئیزن ده‌دات که بێکی ئه‌م کاره بکات، چونکی نایهه‌وێت ئاواتی کچه‌کانی له‌مه‌ڕ میراتی خانمی کراولی ده مه‌ترسی هاوێت؛ به‌ڵام کاتێک ژنه‌که‌ی ده‌مرێت(بابه‌تێک که هه‌موو کاراکتێره‌کان به شێوه‌یه‌کی دڵڕه‌قانه له ئاستیدا بێده‌نگن) مه‌جبوور ده‌بێ به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووبێ، ته‌نانه‌ت به زه‌ماوه‌ندکردنیش، بێکی بگێڕێته‌وه لای خۆی. خانمی کراولی پێشتر هه‌ستی به‌م مه‌ترسییه کردووه- هه‌رچه‌ند ئه‌و له هاوڕێیه‌تیی بێکی دڵخۆشه، نایهه‌وێ بێکی پێی بخاته ناو خێزانی ئه‌و- وه به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ برازاکه‌ی خۆی هان ده‌دا که بێکی فریو بدا، وه ئه‌وه‌ش بۆیه ده‌کات که نه‌هێڵێت بێکی ببێت به سێهه‌م خاتوونی کراولی. به زه‌ماوه‌ندکردن له‌گه‌ڵ بێکی، ڕاودۆن هه‌رچه‌ند بێفکرانه، به‌ڵام به لانیکه‌م به شانازییه‌وه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. کاراکتێره‌کانی تر هه‌موویان له ڕوانگه‌ی حیسابات و به‌رژه‌وه‌ندیی تاکه‌که‌سی هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن، گه‌ڕان به شوێن پله‌وپایه و سه‌روه‌ت به‌رهه‌ڵستی سه‌ره‌کیی ئه‌ڤین و مه‌رگن.
کینایه‌ی تاکێرای بیبه‌زیییانه‌یه. بێکی "زۆر سه‌رسوڕماوه"، بۆ یه‌که‌مجار فرمێسکه‌کانی ڕه‌سه‌نن- به‌ڵام بۆ؟ ئه‌و له‌گه‌ڵ ڕاودۆنی گێل زه‌ماوه‌ندی کردووه به هیوای ئه‌وه‌ی که میراتی پووری ئه‌وی پێ بگات. به‌ڵام بۆی ده‌رده‌که‌وێ که خه‌ڵاتیکی زۆر گه‌وره‌تر و دڵنیاتری له ده‌ست داوه: ئه‌ویش ئه‌وه‌ی که ببێته ژنی میرێک و له ڕاستیدا به شێوه‌یه‌کی سروشتی به زوویی ببێت به بێوه‌ژنێکی ئه‌شڕافی(ئه‌وه‌ی که سێر پیت ده‌ڵێت که ئه‌و "هه‌تا بیست ساڵ باشه" زۆر خۆشبینانه‌یه، وه به دڵنیاییه‌وه که‌مترین هۆگریی هه‌یه له لایه‌ن بێکییه‌وه). دیمه‌نه‌که له کاراکتێریزه‌کردنی کۆمێدییانه‌ی سێر پیت زۆر به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت، سێر پیتێک که له باره‌یه‌وه گێڕه‌ره‌وه پێشتر ده‌ڵێت "هه‌موو ئه‌شرافییه‌تی ئینگلستان پیره‌پیاوێکی ئاوا قرنیس، فێڵه‌زان، خۆویست، گێل و به‌دناوی تێدا نه‌بوو." له دیمه‌نی نیگا حیزه‌کانی ئه‌و له بێکی وه‌ک ساتیر، هێنده ده‌چێته پێش که بێده‌نگیی ڤیکتۆریایی ئیزنی ئه‌وه ده‌دات که به کینایه بڵێت که سێر پیت به شوێن حه‌زوه‌رگه‌رتنێکی سه‌ره‌تایییانه‌ی جنسییه له بێکی. ئه‌وه‌ی که بێکی بۆ له ده‌ستدانی مێردێکی ئاوا فرمێسک بڕێژێت شرۆڤه‌یه‌کی تێکده‌رانه‌یه نه ته‌نیا له‌مه‌ڕ بێکی به‌ڵکو له‌مه‌ڕ سه‌رتاپای فه‌زای غروری جوان.
t درێژه‌ی هه‌یه
<< Home