14. ناساندنی کاراکتێر
v پاشماوه‌ی هونه‌ری داستان
-------------------------------------
● ده‌یڤید لاج (David Lodge)
o وه‌رگێڕ: د. هاشم ئه‌حمه‌دزاده
چه‌ند خوله‌ک دواتر، سالی بۆخۆی گه‌یشتێ.
"ئازیزه‌که‌م فریتز، زۆر وه‌دره‌نگی که‌وتم؟"
"پێموایه ته‌نیا نیو کاتژمێر،" فریتز ئه‌وه‌ی به زارله‌به‌ریه‌ککێشانه‌وه و پێکه‌نینێکی خۆشی تایبه‌تییه‌وه گوت. "ده‌توانم ئاغای ئیشێروودت پێ بناسێنم خانمی باولێس؟ ئاغای ئیشێروود زۆرتر وه‌ک کریس ناسراوه."
"من هه‌و نیم،" گوتم. "له‌وانه‌یه فریتز ته‌نیا که‌سێک بێت که له هه‌موو ژیانمدا به کریس بانگی کردبم،"
سالی پێکه‌نی. ئه‌و جلی هاوریشمی ڕه‌شی له‌به‌ردا بوو و عه‌بایه‌کی بچوکی له‌سه‌ر شانان بوو و کڵاوێکی بچوک وه‌ک هی کوڕه وه‌رگێڕکه‌یه‌ک، له لاسه‌رێکی به‌سه‌رزیندوویی گیر ببوو.
"ئازیزه‌که‌م ده‌توانم ته‌له‌یفونه‌که‌ت به‌کار بهێنم؟"
"به دڵنیایییه‌وه. فه‌رموو." فریتز چاوێکی لێکردم. "وه‌ره ئه‌و ژووره‌ی تر، کریس. ده‌مهه‌وێ شتێکت پێ نیشان بده‌م." خۆ‌یا بوو ده‌یهه‌ویست یه‌که‌م کارتێکه‌ریی سالی که دۆزراوه‌ی تازه‌ی ئه‌و بوو، له‌سه‌ر من ببیسێت.
"بۆ خاتری خوا من به ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه به‌جێ مه‌هێڵه!" ئه‌و به سه‌رسوڕمانه‌وه ئه‌وه‌ی گوت. "ئه‌گینا ئه‌و له پشت ته‌له‌یفونه‌که ڕا هه‌ڵمئه‌خه‌ڵه‌تێنێت. ئه‌و زۆر پیس گه‌رم داهاتووه."
کاتێک خه‌ریکی گرتنی ژماره بوو، بینیم که ئه‌و نینۆکه‌کانی به ڕه‌نگێکی سه‌وزی کاڵ ڕه‌نگ کردووه، ڕه‌نگێک که له جێی خۆیدا نه‌بوو، چونکه ده‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌سته‌کانی که به هۆی جگه‌ره‌کێشان په‌ڵه‌یان گرتبوو و وه‌ک ده‌ستی کچێکی مناڵ پیس بوون، ببنه جێی سه‌رنج. ئه‌و له‌وه‌ی پتر ڕه‌ش بوو که به خوشکی فریتز داندرێت. ده‌موچاوی باریک و درێژ بوو و به هۆی پۆدرێکی سپی ڕه‌نگی مردووانی به‌سه‌ر کشابوو. چاوه‌کانی زۆر گه‌وره و قاوه‌یی بوون و له ڕاستیدا بۆ ئه‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ قژ و ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ی بۆ ڕه‌نگکردنی برۆکانی ده‌کاری هێنابوو یه‌کیان گرتباوه، ده‌بوایه ڕه‌شتر بوونایه.
"سیلاوو،" ئه‌و پچه‌پچێکی کرد، لێوه ته‌واو گێلاسییه‌کانی وا خڕ کردنه‌وه ده‌تگوت ده‌یهه‌وێ گوشیی ته‌له‌یفۆنه‌که ماچ کات: "Ist das Du, mein Liebling?" ده‌می به بزه‌یه‌کی شیرنی گێلانه کرایه‌وه. فریتز و من دانیشتبووین و چاومان له ئه‌و ده‌کرد، وه‌ک نمایشێکی شانۆیی.- کریستۆفێر ئیشێروود ماڵئاوایی له بێرلین (1939)-
کاراکتێر، ده‌کرێ بڵێین، گرنگترین پێکهاته‌ی ڕۆمانه. جۆره‌کانی تری گێڕانه‌وه‌ش، وه‌ک حه‌ماسه، وه مێدیای تر، وه‌ک فیلم، ده‌توانن هه‌ر به‌و چاکییه داستان بڵێن، به‌ڵام هیچ شتێک ناگاته نه‌ریتی گه‌وره‌ی ڕۆمانی ئوروپایی له ده‌وڵه‌مه‌ندی، جۆراوجۆری و قووڵایی ده‌روونناسانه‌ی وێناکردنی مرۆڤدا. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه له‌وانه‌یه باسکردنی کاراکتێر به هۆی چه‌مکه تێکنیکییه‌کان، دژوارترین لایه‌نی هونه‌ری داستان بێ. به‌شێک له‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که زۆر جۆره کاراکتێر هه‌یه و ڕێگای پێشکه‌شکردنیشیان زۆره: کاراکتێری سه‌ره‌کی و کاراکتێری لاوه‌کی، کاراکتێری ساده و کاراکتێری خڕ، ئه‌و کاراکتێرانه‌ی له میانه‌ی ده‌روونیانه‌وه پێناسه ده‌کرێن، وه‌ک خانمی دالۆوایی ڤیرجینیا وولف، وه ئه‌و کاراکتێرانه‌ی که له ده‌ره‌وه ڕا له لایه‌ن که‌سانی تره‌وه ده‌بیندرێن، وه‌ک سالی باولێسی کریستۆفێر ئیشێروود.
سالی باولێس وه‌ک بابه‌تێکی بنه‌ڕه‌تیی ماڵئاوایی له بێرلین که پێکهاتووه له چیرۆکێکی تا ڕاده‌یه‌ک خه‌یاڵی و هه‌روه‌ها له شانۆگه‌رییه‌ک، له زه‌ینی جه‌ماوه‌ردا ژیانێکی به‌رچاوی هه‌بووه. بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ مرۆڤ سپاسی ئه‌وه بکات که ده‌قه‌که‌ی ئیشێروود به شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووانه له پێشدا کرا به شانۆگه‌ری و فیلمێک (من کامێرایه‌کم)، وه دواتر به شانۆگه‌ری و فیلمێکی موزیکال (کاباره). له نیگای یه‌که‌مدا ئه‌وه زه‌حمه‌ته که تێبگه‌ین بۆچی ئه‌و ده‌بێ ستاتۆیه‌کی ئاوا ئه‌فسانه‌یی وه‌ده‌ست هێنابێت. ئه‌و جوانییه‌کی ئه‌وتۆی نییه، خاوه‌ن هۆشێکی ئه‌وتۆ نییه، وه وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک به‌هره‌یه‌کی تایبه‌تییشی نییه. ئه‌و که‌سێکه بێهۆده، نابه‌رپرسیار و له پێوه‌ندیی جنسیی خۆیدا پوڵه‌کی. به‌ڵام ئه‌و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م شتانه خاوه‌نی که‌شێکی له‌به‌ردڵانی بیگوناهی و لاوازییه، وه شتێکی زۆر کۆمیک بۆشایییه‌که له نێوان خۆنواندنی ئه‌و و ڕاستییه‌کانی ژیانی. چیرۆکی سالی باولێس سه‌رنج و گرنگییه‌کی مه‌زن له‌وه وه‌رده‌گرێ که له وایمێر بێرلین، دروست به‌ر له‌وه‌ی که نازییه‌کان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست، ڕووی داوه. خه‌ونی بێهوده له ماڵی کرێدا له‌مه‌ڕ ده‌وڵه‌مه‌ندی و ناوبانگ، قوتاربوون له پشتیوانێکی به‌دناوه‌وه بۆ یه‌کی تر، ڕیاییکردن، که‌ڵکی خراپ وه‌رگرتن و درۆکردن به شێوه‌یه‌کی ته‌واو ئاشکرا، ئه‌و شتانه‌ن که ئه‌و ده‌که‌ن به نیشانه‌ی خۆفریودان و ئه‌حمه‌قی له‌و کۆمه‌ڵگا مه‌حکوومکراو به شکسته‌دا.
ساکارترین شێوه‌ی ناساندنی کاراکتێرێک که له داستانی کۆندا باو بووه بریتییه له به‌ده‌سته‌وه‌دانی پێناسه‌یه‌کی فیزیکی و کورته‌یه‌کی ژیاننامه‌یی. وێنه‌ی دۆرۆتی برووک له یه‌که‌م به‌شی میدێلمارچی جۆرج ئێلیۆتدا نموونه‌یه‌کی که‌ڵکلێوه‌رگیراوی ئه‌م مێتۆده‌یه:
خانمی برووک جۆره جوانییه‌کی هه‌بوو که وێده‌چوو به هۆی جلوبه‌رگی فه‌قیرانه‌وه زه‌قتر بێته‌وه. ده‌ستومه‌چه‌کی ئه‌وه‌نده خۆشفۆڕم بوون که ئه‌و ده‌یتوانی کراسی قۆڵداری وا ده‌به‌رکات که که‌متر له هی ئه‌و باکیره پاکه که له‌به‌ر ده‌م شێوه‌کارانی ئیتالی ده‌رده‌که‌وێ ڕووت نه‌بێ؛ وه نیوه‌ده‌موچاوی و هه‌روه‌ها به‌ژن و قه‌ڵافه‌تی وێده‌چوون که بایه‌خی زۆرتر له جلوبه‌رگی ساکاری ئه‌و وه‌رگرن، جلوبه‌رگێک که به مۆدی گوندییانه گه‌وره‌یییه‌کی ئه‌وتۆی پێده‌به‌خشی که له وته‌یه‌کی جوانی ئینجیل- یان یه‌ک له شاعیره کۆنه‌کانی ئێمه‌دا- هاتووه و له بڕگه‌یه‌ک له ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌مڕۆدا گێڕدراوه‌ته‌وه. ئه‌و زۆر جاران وه‌ک مرۆڤێکی زیره‌ک قسه‌ی له‌سه‌ر کراوه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ی لێ زیاد که‌ین که عه‌قڵی سه‌لیمی خوشکه‌که‌ی، سێلیا، له هی ئه‌و پتر بوو.
هه‌ر به‌م شێوه‌یه چه‌ند لاپه‌ڕه‌ی تر درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌مه شتێکی گرنگه، به‌ڵام هی سه‌رده‌مێکه که به به‌راو‌رد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئێمه کولتورێکی به‌تاقه‌تتر و به‌کاوه‌خۆتری هه‌بوو. ڕۆماننووسه مۆدێرنه‌کان زۆر جاران به باشتری ده‌زانن که ڕاستییه‌کانی سه‌باره‌ت به کاراکتێرێک ورده‌ورده سه‌ر هه‌ڵده‌ن، جیاواز بن، وه له ڕاستیدا به هۆی کرده‌وه و ئاخافتن بێنه ئاراوه. هه‌رچۆنێک بێ، هه‌موو وه‌سفێک له داستاندا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هه‌ڵبژارده‌یه؛ تێکنیکی سه‌ره‌کیی ئاخافتنه‌که‌ی سینێکدۆکه، واتا به‌شێک نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو شتێک ده‌کات. هه‌م جۆرج ئێلیۆت و هه‌م ئیشێروود به ته‌رکیزکردن له‌سه‌ر ده‌ست و ده‌موچاو، سیمای فیزیکیی کاراکتێره ژنه‌کانیان ده‌خه‌نه به‌رچاو و ئیزن به خوێنه‌ره‌وه ده‌ده‌ن که پاشماوه‌ی شته‌که بۆخۆیان وێنا بکه‌ن. وه‌سفی هه‌مه‌لایه‌نه و تێروته‌سه‌لی تایبه‌تمه‌ندییه فیزیکی و ده‌روونییه‌کانی دۆرۆتی یان سالی باولێس ده‌یتوانی چه‌ندین لاپه‌ڕه یاخود کتێبێک بێ.
جلوبه‌رگ هه‌میشه پێوه‌رێکی به‌که‌ڵکه بۆ کاراکتێر، چین، شێوه ژیان، به‌ڵام به تایبه‌تی له‌باره‌ی که‌سێکی وه‌ک سالی که خۆی ده‌نوێنێ گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. جلوبه‌رگی هاوریشمی ڕه‌شی ئه‌و (که بۆ دیدارێکی ئاسایی ئێوارانه پۆشیوێتی) نیشانه‌ی ئاره‌زووی ئه‌وه بۆ کارتێکه‌ری، ئه‌دای شانۆگه‌رانه(عه‌با)، وه هه‌ستاندنی مه‌یلی جنسی(کڵاوی کوڕێکی وه‌رگێڕکه له زۆر ئاماژه به لادان و نادڵنیایی جنسی و که‌سێک که حه‌زی له پۆشینی جلوبه‌رگی جنسی دژ به خۆیه‌تی، مانا وه‌رده‌گرێت، وه ئه‌مه شتێکه که له هه‌موو کتێبه‌که‌دا درێژه‌ی هه‌یه). ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه به خێرایی به هۆی کرده‌وه و قسه‌ی سالی به‌هێزتر ده‌بن- پرسیار بۆ به‌کارهێنانی ته‌له‌یفون به مه‌به‌ستی کاریگه‌ری له‌سه‌ر دوو پیاو به هۆی تازه‌ترین سه‌رکه‌وتنی ئێرۆتیکییانه‌ی خۆی- ئه‌مه‌ش دواتر ده‌رفه‌تی ئه‌وه بۆ گێڕه‌ره‌وه ده‌ڕه‌خسێنێت که باسی ده‌موچاو و ده‌ستی سالی بکات.
ئه‌مه ئه‌و شته‌یه که هێنری جه‌یمز له "مێتۆدی شانۆیی"دا مه‌به‌ستی بوو. کاتێک که داوای له خۆی ده‌کرد "دراماتیزه‌ی که! دراماتیزه‌ی که!" جه‌یمز مه‌به‌ستی له شانۆ بوو، به‌ڵام ئیشێروود سه‌ر به یه‌که‌م جیلی ئه‌و ڕۆماننووسانه بوو که به سینه‌ما و کاریگه‌ریی فیلمه‌کانی گه‌وره بوون. کاتێک گێڕه‌ره‌وه‌ی ماڵئاوایی له بێرلین ده‌ڵێت که "من کامێرام،" ئه‌و بیر له کامێرای فیلم ده‌کاته‌وه. له کاتێکدا دۆرووتی بێ جووڵه ڕاوه‌ستاوه و ده‌ڵێی له به‌رده‌م نیگارکێشێکدا دانیشتووه، وه له ڕاستیدا له‌گه‌ڵ دیمه‌نێکی شێوه‌کاریدا به‌راو‌رد کراوه. سالی له حاڵه‌تی جووڵه‌دا نیشانمان ده‌درێت. ئه‌مه کارێکی سانایه که ئه‌م بڕگه‌یه وه‌ک کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی سینه‌مایی نیشان بده‌ین. سالی له جلوبه‌رگه ئاوریشمه ڕه‌شه‌که‌ی دایه- نیگاگۆڕینه‌وه‌یه‌کی خێرا له نێوان دوو پیاودا- کلۆزئاپێک له نینۆکه سه‌وزه‌کانی سالی کاتێک خه‌ریکی ژماره‌گرتنه- کلۆزئاپێکی تر له ئارایشته ناڕێکوپێک و ده‌لقه‌کییه‌که‌ی و ده‌ربڕینه ناڕه‌سه‌نه‌که‌ی کاتێک سڵاو له عاشقه‌که‌ی ده‌کات- وه وێنه‌یه‌کی دوونه‌فه‌ریی ئه‌و پیاوانه‌ی ته‌ماشا ده‌که‌ن و له هه‌ستی ته‌واو ناڕاستی شانۆگه‌رییه‌که سه‌ریان سوڕماوه.
بێ‌شک ئه‌مه تا ڕاده‌یه‌ک سانایی گواستنه‌وه‌ی چیرۆکی سالی باولێس بۆ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما ده‌گه‌ینێت. به‌ڵام بڕگه‌که هێندێک جیاوازیی وردی تێدان که ته‌واو ئه‌ده‌بین. نینۆکه سه‌وزه‌کانی ئه‌و ده‌سته ناحه‌زانه یه‌که‌م شتن که من کاتی بیستنی ناوی سالی بیریان لێده‌که‌مه‌وه. مرۆڤ ده‌توانێ نینۆکی ڕه‌نگ سه‌وز له فیلمێکدا نیشان بدات، به‌ڵام ناکرێ بۆچوونی ته‌وسداری گێڕه‌ره‌وه، "ڕه‌نگێک که له جێی خۆیدا نه‌بوو" نیشان بدات. "له جێی خۆدا نه‌بوون" چیرۆکی ژیانی سالی باوێلسه. وه مرۆڤ ده‌یتوانی په‌ڵه‌ی جگه‌ره و پیسی نیشان بدات، به‌ڵام ته‌نیا گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ک ده‌یتوانی ئه‌وه ببینێت که ده‌سته‌کانی "وه‌ک ده‌ستی کچێکی بچووک پیس بوون". چلۆنایه‌تییه‌کی مناڵانه له ژێر پێچه‌ڵپێچییه‌کی ڕووکه‌شانه دروست ئه‌و شته‌یه که سالی باولێس ده‌کات به کاراکتێرێکی شیاوی له‌بیرمانه‌وه.
t درێژه‌ی هه‌یه
<< Home