13. لیست
v پاشماوه‌ی هونه‌ری داستان
-------------------------------------
● ده‌یڤید لاج (David Lodge)
o وه‌رگێڕ: د. هاشم ئه‌حمه‌دزاده
ڕۆزماری به یارمه‌تیی نیکۆل دوو کراس و دوو کڵاو و چوار جووت که‌وشی به پاره‌ی خۆی کڕی. نیکۆل له ڕوی لیستێک که دوو لاپه‌ڕه درێژ بوو شته‌کانی له دوکانه‌کانی ته‌نیشت ئه‌وێ کڕی. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که پێی وابوو بۆ خۆی له‌وانه‌یه نه‌توانێ که‌ڵکیان لێوه‌رگرێ، وه‌ک دیارییه‌ک بۆ دۆستێکی خۆی کڕینی. ئه‌و موروی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، دۆشه‌کچه‌ی قه‌دکراوه‌ی قه‌راغ ئاو، گوڵی ده‌ستکرد، هه‌نگوین، ته‌خته‌خه‌وێکی میوانان، جانتا، له‌چکه، باڵنده‌ی ئه‌وین، مینیاتۆر بۆ ژووری بووکه‌شووشه‌کان و نزیکه‌ی سێ گه‌ز پارچه‌یه‌کی تازه‌ی له ڕه‌نگی میگۆ، کڕی. ئه‌و ده‌رزه‌نێک شمه‌کی مه‌له، تیمساحێکی پلاستیک، ده‌ستێک شه‌تره‌نجی سه‌فه‌ریی دروستکراو له زێڕ و عاجی فیل، ده‌سره‌یه‌کی که‌تانی بۆ ئه‌یب، دوو چاکه‌تی چه‌رمیی شینی ماسیگره‌یی و خه‌ڵوزیی هێرمێسی کڕی- ئه‌و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی کڕی، نه‌ک وه‌ک ژنێکی له‌شفرۆشی مۆندباڵا که جلکی ژێره‌وه و جه‌واهێرات ده‌کڕێ و ئه‌و شتانه وه‌ک که‌ره‌سه‌ی پسپۆڕانه و ده‌سته‌به‌ریی ده‌کار دێنێ، به‌ڵکو له ڕوانگه‌یه‌کی ته‌واو جیاوازه‌وه. نیکۆل به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندی و کوێره‌وه‌رییه‌کی تایبه‌ت بوو. له‌به‌ر خاتری ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان گه‌شتی خۆیان له شیکاگۆوه ده‌ست پێده‌کرد و به ناو جه‌رگی کیشوه‌ره‌که‌دا ده‌گه‌ڕانه‌وه کالیفۆرنیا؛ کارگه‌ی چه‌قه سازکردن دووکه‌ڵی لێ هه‌ڵده‌ستا و کارگه‌کان وه‌ک بازنه‌یه‌ک لێک ده‌به‌سترانه‌وه؛ پیاوان له کووپه‌کاندا کرێمی ددانیان تێکه‌ڵاو ده‌کرد و ئاوی ده‌مشوتنیان له بۆشقه‌ی گه‌وره‌ی مز هه‌ڵده‌کێشا؛ کچان له مانگی ئاگۆستدا به په‌له ته‌ماته‌یان له قودوواندا ده‌په‌ستاوت یان به ڕووداری له ئێواره‌ی سه‌ری ساڵدا له فرۆشگاکانی پێنج- و- ده‌دا کاریان ده‌کرد؛ نیوه‌سوورپێسته‌کان له مه‌زرای قاوه‌ی برازیلییه‌کاندا زه‌حمه‌تیان ده‌کێشا و ئه‌وانه‌ی خه‌ونیان به داهاتووه‌وه ده‌بینی مافی تایبه‌تیی تراکتۆره تازه‌کانیان لێ زه‌وت ده‌کرا- ئه‌وانه کۆمه‌ڵێک له‌و که‌سانه بوون که به‌راتێکیان ده‌دا به نیکۆل و کاتێک سیستم به تێکڕایی که‌وته جووڵه و تریشقه‌ی که‌وتێ، بوو به هۆی وه‌دیهاتنی هه‌یه‌جانێک بۆ پڕۆسه‌یه‌کی له چه‌شنی هی ئه‌و و کڕینی به جومله، وه‌ک سووربوونه‌وه‌ی ده‌موچاوی ئاگرکوژێنه‌ره‌وه‌یه‌ک که له به‌رامبه‌ر بڵێسه‌ی ئاگرێکدا ڕاوه‌ستاوه. ئه‌و زۆر ئاکاری ساکاری له‌خۆی ده‌نواند که هه‌ڵگری چاره‌نووسی خۆی له ناو خۆیدا بوو، به‌ڵام ئه‌م ئاکارانه‌ی وا به ڕێکوپێکی ده‌نواند که له پڕۆسه‌که‌دا ماقووڵییه‌ک هه‌بوو و ئێستاش ڕۆزماری هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا که لاسای ئه‌و بکاته‌وه. - ف. سکات فیتزجێرالد چاو‌دێر شه‌وه (1934)-
جارێک ف. سکات فیتزجێرالد به ئێرنێست هێمینگوای گوت که "ده‌وڵه‌مه‌ند له‌گه‌ڵ ئێمه جیاوازن،" و هێمینگوای له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت، "به‌ڵێ، ئه‌وان پاره‌یان زۆرتره." ئه‌م قسه نه‌سته‌قه که فیتزجێرالد تۆماری کردووه، زۆر جاران دژی خۆی به‌کار هاتووه. به‌ڵام وه‌ڵامی پۆزیتیڤیستییانه‌ی هێمینگوای به دڵنییایییه‌وه له خاڵێک بێبه‌ری بوو: ئه‌ویش ئه‌وه‌ی که چه‌ندایه‌تی له پاره وه‌ک زۆر شتی تردا دره‌نگ یان زوو ده‌بێت به چلۆنایه‌تی، جا به چاک یان به خراپ. پێناسه‌ی فیتزجێرالد له کڕینی نیکۆل دایڤێر له پاریس به شێوه‌یه‌کی پاراو جیاوازیی ده‌وڵه‌مه‌ندان نیشان ده‌دات.
ئه‌م پێناسه‌یه له هه‌مان کاتدا توانایی ده‌ربڕینی لیست له گوتاری داستانی‌دا نیشان ده‌دات. له نیگای یه‌که‌مدا، کاتالۆگێک به ته‌نیایی که پێکهاتووه له کۆمه‌ڵێک شتی جیاواز و بڵاو وێده‌چێ له چیرۆکێک‌دا که ته‌رکیزی له‌سه‌ر کاراکتێر و کرده‌وه‌یه، جێگایه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بێ. به‌ڵام په‌خشانی داستانی به شێوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش چه‌ندلایه‌نه‌یه و توانایی وه‌ی هه‌یه هه‌موو جۆره گوتارێکی ناداستانی له خۆیدا بتوێنێته‌وه- نامه، ده‌فته‌ری یادداشتی ڕۆژانه، به‌ڵگه‌ی شاهیدی، ته‌نانه‌ت لیست- وه ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئامانجی خۆی ڕێکده‌خات. هێندێک جار لیسته‌که به شێوه‌ی باوی ئه‌ستونگیی خۆی ده‌نوووسرێته‌وه و ده‌بێته کۆنتراستی گوتاری ده‌وروبه‌ری خۆی. له مورفیدا، بۆ نموونه، ساموئێل بێکێت له ڕێگای لیستکردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی قاره‌مانی ژنی ڕۆمانه‌که‌ی، سێلیا، به شێوه‌یه‌کی ئاوه‌ڵه و ئاماری، گاڵته به وه‌سفی باوی ڕۆمان ده‌کات:
سه‌ر................. خڕ و بچووک
چاو.................. سه‌وز
ڕه‌نگ................ سپی
قژ.................... زه‌رد
تایبه‌تمه‌ندی...... گه‌ڕۆک
گه‌ردن.............. 13 ئینچ
باسک............... 11 ئینچ
قۆڵ.................. 9 ئینچ
و هتد.
نووسه‌ری هاوچه‌رخی ئامریکایی، لۆری موور، چیرۆکێکی سه‌رقاڵکه‌ری هه‌یه به نێوی "چۆن ده‌بی به ژنێکی تر" (خۆ- یارمه‌تی، 1985) که له‌سه‌ر بنه‌مای دوو جۆره گوتار، بۆ- خۆت- بیکه، وه لیست پێکهاتووه. نادڵنیایی گێڕه‌ره‌وه له ڕۆلی پێشخزمه‌تێکدا به هۆێ پێداهه‌ڵگوتنی عاشقه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خێزانی خۆی زه‌ق کراوه‌ته‌وه.
"ئه‌و زۆر خۆی ڕێک خستووه. ئه‌و بۆ هه‌موو شتێک لیست چێ ده‌کات. ئه‌مه ته‌واو کارتێکه‌ره."
...
"ئه‌وه‌ی که ئه‌و لیست چێ ده‌کات؟ تۆ حه‌ز له‌مه ده‌که‌ی؟"
"به‌ڵێ، وایه. تۆ ده‌زانی ئه‌و به ته‌مای چییه، ده‌یهه‌وێ چ بکڕێت، ناوی ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌بێ بیانبینێت، هتد."
"لیسته‌کان؟" تۆ به ناهومێدی ده‌بۆڵێنی، بێ لیستی، بارانییه گرانقیمه‌ته خاکییه‌که‌ت هه‌ر له‌سه‌ر شانه.
هه‌ڵبه‌ت، به‌زوویی گێڕه‌ره‌وه لیستی خۆی چێ ده‌کات:
ئه‌و موشته‌ریانه‌ی قه‌راره بیانبینم
وێنه‌ی خێرای ڕۆژبوون
چه‌سپی سکۆچ
نامه بۆ تد و دایه
له‌ڕاستیدا ئه‌و وه‌ک سکرێتێرێکی ئاسایی چ موشته‌ری نییه که بیبینێت. ئه‌م لیستانه ڕێگایه‌کن بۆ کێبه‌رکێکردن له‌گه‌ڵ خێزانی عاشقه‌که‌ی که ئێستا لێره نییه. کاتێک عاشقه‌که‌ی به ته‌وسه‌وه ده‌ڵێت که خێزانه‌که‌ی ئه‌و ژیانێکی پڕماجه‌رای سێکسی هه‌بووه، گێره‌ڕه‌وه وه‌ڵام ده‌داته‌وه:
لیسته‌یه‌ک له هه‌موو ئه‌و عاشقانه‌ی هه‌تبووه چێ بکه.
وارێن لاشێر
ئێد "ڕووبێرهێد" جاتاپانۆ
چارلز دیتز یاخود کیتز
ئالفۆنس
بیخه ناو گیرفانت. لێگه‌ڕێ لێروله‌وێ به شک و گومانه‌وه بکه‌وێت. به شێوه‌یه‌ک ونی ده‌که‌ی. چۆکی فه‌رامۆشکراو" بۆخۆت ساز که. لیستێکی تر چێ که.
جۆرێک له داستانی گه‌له‌ریی هاوچه‌رخ له ئارادایه سه‌باره‌ت به ژیانی ده‌وڵه‌مه‌ندان که به تایبه‌تی بۆ خوێنه‌ره‌وانی ژن ده‌نووسرێن. ئه‌م جۆره داستانه له تیجاره‌تی بڵاوکرنه‌وه‌دا وه‌ک ڕۆمانی "سێکس و کڕین" (یان بڕێک بێئه‌ده‌بانه‌تر وه‌ک "س و ف") ده‌ناسرێن. ئه‌مجۆره ڕۆمانانه به وردی باسی کڕینی شتومه‌کی لوکس و تازه‌ترین مۆدگه‌ل له لایه‌ن کاراکتێرگه‌لی ژنه‌وه له‌خۆ ده‌گرن. له‌م ڕۆمانانه‌دا ئێرۆتیک و ئاره‌زووه مه‌سره‌فییه‌کان هاوکات زیاده‌ڕه‌وییان تێدا ده‌کرێ. سکات فیتزجێرالدیش ده‌رگیری پێوه‌ندیی نێوان وه‌سوه‌سه‌ی سێکسی و مه‌سره‌فی به‌رچاوه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌م کاره زۆر به زیره‌کی و ڕه‌خنه‌گرانه ده‌کات. ئه‌و لیسته دوولاپه‌ڕه‌یییه‌که‌ی نیکۆل له‌م به‌شه‌ی چاو‌دێر شه‌وه ناخاته ڕوو و هه‌روه‌ها هه‌وڵیش نادات که ناوی ناسراو و مارکدار ئه‌م کاره بۆ ئه‌و ڕاپه‌ڕێنن. ئه‌و کاریگه‌ریی ده‌ستبڵاویی نیکۆل له ڕاستیدا به چه‌ند شت به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌خوڵقێنێ و ته‌نیا ده‌سته‌ودامێنی یه‌ک مارک ده‌بێت، "هێرمێس" (ئه‌وه سه‌رنجڕاکێشه که هێشتا هه‌ر باوه). به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ر جۆراوجۆریی لیسته‌که پێ داده‌گرێ بۆ ئه‌وه‌یکه سروشتی ناقازانجخوازانه‌ی کڕینه‌که‌ی ده‌ربڕێت. ورده‌شتگه‌لی هه‌رزانی وه‌ک موروی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، وه شتگه‌لی ماڵ وه‌ک هه‌نگوین، به شێوه‌یه‌کی بڵاو تێکه‌ڵی شتگه‌لی به‌که‌ڵکی وه‌ک ته‌خته‌خه‌و، که‌ره‌سه‌ی گرانی وه‌ک ده‌ستێک شه‌تره‌نجی زێڕ- و- عاج، وه شتگه‌لی مناڵانه‌ی وه‌ک تیمساحی پلاستیکی، کراون. هیچ چه‌شنه نه‌زمێک له لیسته‌که‌دا نییه، هیچ چه‌شنه نه‌زمێک له گرنگی و قیمه‌تی شته‌کاندا نییه و به گشتی هیچ جۆره بنه‌مایه‌ک بۆ ڕیزکردنی شته‌کان ڕه‌چاو نه‌کراوه. ئه‌مه خاڵێکی گرنگه.
نیکۆل زۆر به خێرایی له پێوه‌ره‌کانی ئه‌و لیسته‌ی پێیه‌تی لاده‌دات و هه‌ر شتێک حه‌زی بچێته سه‌ری ده‌یکڕێت. به به‌جێهێنانی ئیشتیای خۆی و دامرکاندنی ویسته‌کانی به بێ له‌به‌رچاوگرتنی باری ئابووری و عه‌قڵی سه‌لیم، ئه‌و نیشانده‌ری هه‌ستی که‌سایه‌تی و خوڵقێکه که بریتییه له ده‌ستئاوه‌ڵه‌یی، خێرایی، خۆشخوڵقی و له‌باری جوانیناسییه‌وه هه‌ستیار، هه‌رچه‌ند له هێندێک بواری گرنگه‌وه پێوه‌ندیی به واقعیشه‌وه نه‌بێت. ئه‌وه شتێکی نامومکینه که مرۆڤ له به‌رامبه‌ر خۆشی و هه‌ستی چێژوه‌رگرتنی ئه‌م گه‌شته‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بێت. ئه‌و دوو چاکه‌ته چه‌رمییانه که یه‌کیان له ڕه‌نگی ماسیگره‌یه و ئه‌وه‌ی تریان له ڕه‌نگی خه‌ڵووز، چه‌نده شیاوی ئه‌وه‌ن مرۆڤ ئاره‌زوویان بکات (به‌ڵام وشه‌ی سه‌ره‌کی لێره‌دا "دوو"یه: ڕه‌نگه هێندێک مرۆڤ نه‌زانن له نێوان دوو چاکه‌تی ته‌واو وه‌ک یه‌کتر به‌ڵام به دوو ڕه‌نگی وه‌ک یه‌ک جوان و سه‌رنجڕاکێش، کامه‌یان هه‌ڵبژێرن، نیکۆل به کڕینی هه‌ردووکیان گرفته‌که چاره‌سه‌ر ده‌کات). ئه‌وه‌ش لای ئه‌و گرنگ نییه که ده‌ستپه‌روه‌رده گه‌نجه‌که‌ی و ڕه‌قیبی دواڕۆژی، ڕۆزماری، هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات که لاسای شێوازی ئه‌و بکاته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت بالانسکردنی لیستی کڕین، لیستێکی تره له مرۆڤه‌کان و له گروپه‌کان و سامانی نیکۆل گرێدراوی که‌ڵکوه‌رگرتن له‌م لیسته‌یه، لیسته‌یه‌ک که هه‌ڵوێستی ئێمه به‌راوه‌ژوو ده‌کاته‌وه. هه‌موو ئه‌و به‌شه‌ی که له سه‌ره‌وه‌دا هاتووه له ده‌وری ئه‌م ڕسته‌یه ده‌سووڕێته‌وه، "نیکۆل به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندی و کوێره‌وه‌رییه‌کی تایبه‌ت بوو،" وه ئه‌مه‌ش له‌ناکاو وامان لێده‌کات که ئێمه نیکۆل وه‌ک مه‌سره‌فکه‌ر و کۆکه‌ره‌وه‌ی کاڵا، ئۆبژه و شته‌کان نه‌بینین، به‌ڵکو خودی ئه‌و وه‌ک جۆره کاڵایه‌ک ببینین- به‌ر‌هه‌مێکی ته‌واو له که‌ڵککه‌وتوو و له ڕاده‌به‌ده‌ر گران و بێوێنه و دواجاری ده‌ستمایه‌داریی پیشه‌سازی.
له کاتێکدا لیستی یه‌که‌م ڕیزێکه له کۆمه‌ڵێک ناو، لیستی دووهه‌م بریتییه له کۆمه‌ڵێک ده‌سته‌واژه‌ی کرداری: شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان ڕۆیشتنی خۆیان له... ده‌ست پێده‌کرد...، کارگه‌کانی چه‌قه دووکه‌ڵیان ده‌کرد ...، پیاوان کرێمی ددانیان تێکه‌ڵ ده‌کرد... کچان ته‌ماته‌یان له قودووان ده‌کرد..." له نیگای یه‌که‌مدا وێده‌چێ ئه‌م پڕۆسانه ناهاوئاهه‌نگ بن و ته‌نیا به هه‌ڵکه‌وت وه‌ک لیستی کڕینی نیکۆل هه‌ڵبژێردرابن، به‌ڵام پێوه‌ندییه‌ک هه‌یه له نێوان پیاو‌گه‌لی کارگه‌کانی کرێمی ددان و کچگه‌لی دووکانه‌کان و کرێکارانی سوورپێست له بڕازیل: قازانجی کاری ئه‌مانه به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ کڕینی نیکۆل دابین ده‌کات.
لیستی دووهه‌م به به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ لیستی یه‌که‌مدا به‌شێوه‌یه‌کی پتر ئیستعاره‌یی نووسراوه. ئه‌م لیسته به دیمه‌نێکی سه‌رنجڕاکێش ده‌ست پێده‌کات و هه‌ڵگری ئێرۆتیزم و زۆرخۆرییه و هه‌روه‌ها هه‌ڵگری تێپه‌ڕبوونی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کانه به "که‌مه‌ربه‌ندی بازنه‌یی کیشوه‌ردا"، و له کۆتاییدا دێته‌وه سه‌ر ئیستیعاره‌ی مه‌کینه‌ی ڕیگای ئاسن بۆ ده‌ربڕینی مه‌ترسی و وزه‌ی خۆتێکده‌رانه و شاراوه‌ی ده‌ستمایه‌داریی پیشه‌سازی. "کاتێک سیستم به تێکڕایی که‌وته جووڵه و تریشقه‌ی که‌وتێ" وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی یه‌ک له سیمبۆله‌کانی ڕێگای ئاسنه که بۆ کارتێکه‌رییه‌کی هاو‌چه‌شن له لایه‌ن دیکێنزه‌وه له دامبی و کوڕدا به‌کار هاتووه (ئه‌و هێزه‌ی که خۆی به‌سه‌ر ڕێگای ئاسنی ئه‌ودا سه‌پاند- هی خۆی- به‌زێنه‌ری هه‌موو جاده و گوزه‌ره‌کان، له دڵی هه‌موو به‌ربه‌ستێک ده‌چووه ژوور، هه‌موو جۆره ئافرێندراوێکی زیندووی له هه‌موو ته‌مه‌نێک و پله وپایه‌یه‌کدا به‌دوای خۆیدا ده‌کێشا، و ئه‌مه‌ش هه‌مووی وه‌ک جۆره دێوێکی سه‌رکه‌وتوو، مه‌رگ، وایه.")
به‌ڵام، به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت به خودی فیتزجێرالد، دیمه‌نه‌که به شێوازێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو و لێڵ گه‌شه‌ی ئه‌ستاندووه. قیاسه‌که له کوره‌ی مه‌کینه‌ی ڕێگای ئاسنێکه‌وه به‌ره‌وه ئاگرێکی ماڵوێرانکه‌ر ده‌گۆڕدرێت، وه نیکۆل ئێستا له شوێنێک ڕاوه‌ستاوه که نه‌ک ئاگره‌که خۆش بکات، به‌ڵکو وه‌ک که‌سێک که هه‌وڵی کوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌که بدات یاخود به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵدا بکات. وشه‌ی "ئاگرکوژێنه‌ره‌وه" ده‌توانێ هه‌ڵگری هه‌ردووک له‌و مانا دژبه‌یه‌کانه بێت، وه که‌ڵکوه‌رگرتنی فیتزجێرالد له‌م وشه‌یه له‌وانه‌یه وه‌سواسی ئه‌و له‌مه‌ڕ که‌سانی وه‌ک نیکۆل ئاشکرا بکات: تێکه‌ڵاوێک له حه‌سوودی و پێداهه‌ڵگوتن و ره‌تکردنه‌وه. وشه‌گه‌لی، "ئه‌و زۆر ئاکاری ساکاری له خۆی ده‌نواند که هه‌ڵگری چاره‌نووسی خۆی له ناو خۆیدا بوو، به‌ڵام ئه‌م ئاکارانه‌ی وا به ڕێکوپێکی ده‌نواند که له پڕۆسه‌که‌دا ماقووڵییه‌ک هه‌بوو" ئاگایانه یان نائاگایانه وه‌ک زایه‌ڵه‌یه‌ک وان که ده‌نگده‌ره‌وه‌ی پێناسه‌ی هێمینگواین له بوێری: "ماقوڵیی له‌ژێر زه‌ختدا".
t درێژه‌ی هه‌یه
<< Home