12. هه‌ستی شوێن
v پاشماوه‌ی هونه‌ری داستان
-------------------------------------
● ده‌یڤید لاج (David Lodge)
o وه‌رگێڕ: د. هاشم ئه‌حمه‌دزاده
له ل. ئا(لۆسئانجێلێس) به بێ لێخوڕینی سه‌یاره(ماشێن) تۆ هیچ کارێکت بۆ ناکرێت. ئێستا من به بێ خواردنه‌وه هیچم بۆ ناکرێت. تێکهه‌ڵکێشی خواردنه‌وه- لێخوڕینیش له‌وێ له ڕاستیدا شتێکی نامومکینه. تۆ هه‌ر ئه‌وه‌نده بتهه‌وێت که‌مه‌ربه‌نده‌که‌ت بکه‌یه‌وه یاخود خه‌ڵوزی جگه‌ره‌که‌ت فڕێ ده‌ی، یانیش لوتت بستڕی، خۆت له ئالکاتراز ده‌بینییه‌وه و ئیتر له‌شپشکنینی ئه‌وێ و ئه‌و پرسیارانه‌ی دواتر لێتده‌کرێن. هه‌ست ده‌که‌ی هه‌ر چه‌شنه بێ نه‌زمییه‌ک یان جیاوازییه‌ک ڕوو بدات، بڵیندگۆیه‌ک ئاماده‌یه و کۆمه‌ڵێک مه‌یدانی بینین، وه کۆپته‌رێکی پۆلیسیش له‌سه‌ر ته‌پڵی سه‌رت ده‌سوڕێته‌وه.
که وابوو کوڕێکی به‌سته‌زمان چی له ده‌ست دێت؟ تۆ له هۆتێله‌که‌ت، ڤرایمۆنت، دێیه ده‌ر. له واتس که قوڵته‌ی دێ، ئاسۆی خواره‌وه‌ی شار په‌ڵه‌ی چڵمی سه‌وزی خوای پێوه‌یه. تۆ به‌ره‌و لای چه‌پ ده‌ڕۆی، به‌ره‌و لای ڕاست ده‌ڕۆی، تۆ وه‌ک مشکی قه‌راغ ئاوی چۆمێکی به‌ته‌وژمی. ئه‌م ڕه‌ستورانه‌یان خواردنه‌وه‌ی لێ نییه، ئه‌وه‌ی تریان گۆشتی لێ نییه و ئه‌مه‌ی تریشیان شت به هێترۆسێکسۆئێلان نافرۆشێت. تۆ ده‌توانی مه‌یمونه‌که‌ت بده‌ی به شامپۆ بۆت بشۆن، ده‌توانی کێرت بده‌ی بۆت خاڵکوت بکه‌ن، به‌ڵام تۆ بڵێی بتوانی خواردنێکی نیوه‌ڕۆت وه‌ده‌ست که‌وێت؟ ئه‌گه‌ر هاتوو تابڵۆیه‌کت له‌وبه‌ری شه‌قام بینی که ده‌دره‌وشێته‌وه و له‌سه‌ری نووسراوه گۆشت- ئاره‌ق- بێ مۆسیقا، هه‌ر له‌بیر خۆتی به‌ره‌وه. ته‌نیا ڕێگایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی بپه‌ڕێیه‌وه ئه‌وبه‌ری شه‌قام ئه‌وه‌یه که هه‌ر له‌وێ له دایک بووبیت. هه‌موو شوێنه‌کانی په‌ڕینه‌وه‌ی ڕێبواران ده‌ڵێن مه‌په‌ڕه‌وه، هه‌موویان، هه‌موو کاتێک. ئه‌مه په‌یام و ناوه‌رۆکی لۆسئانجێلێسه: مه‌په‌ڕه‌وه. له ماڵه‌وه وه‌مێنه. مه‌په‌ڕه‌وه. لێخوڕه. مه‌په‌ڕه‌وه. هه‌ڵێ! من هه‌وڵم دا به تاکسی بڕۆم. که‌ڵکی نه‌بوو. شۆفێره‌کانی تاکسی هه‌موویان خه‌ڵکی هه‌ساره‌ی که‌یوانن و ته‌نانه‌ت دڵنیا نین که ئه‌وان له هه‌ساره‌یه‌کی ڕاستن یان چه‌پ. یه‌که‌م شت که تۆ ده‌بێ بیکه‌ی ئه‌وه‌یه که له هه‌موو سه‌فه‌رێکتدا فێریان که‌ی چۆن لێ‌بخوڕن. - مارتین ئامیس پوڵ (1984)-
ده‌بێ هه‌تا ئێستا بۆ خوێنه‌ره‌وه ڕوون بووبێته‌وه که دابه‌شکردنی هونه‌ری داستان به سه‌ر "ڕه‌هه‌نده" جیاوازه‌کان له لایه‌ن منه‌وه شتێکه به‌شێوه‌یه‌ک ده‌ستکردانه. کارتێکه‌رییه‌کانی داستان تێکڕایین و له یه‌کتر گرێدراون، به جۆرێک که هه‌ر کاریگه‌رییه‌ک گرێدراوی ئه‌وانی تره و له هه‌مان کاتدا یارمه‌تیده‌ریشیانه. ئه‌و به‌شه‌ی من له‌سه‌ره‌وه وه‌ک نموونه‌یه‌ک بۆ پێناسه‌کردنی شوێن له پوڵی مارتین ئامیسم هه‌ڵبژاردووه، ده‌یتوانی به هه‌مان ئه‌ندازه بۆ نیشاندانی سکاز یان نامۆکردن، یاخود زۆر بابه‌تی تر که هێشتا نه‌خراونه‌ته به‌رباس، ده‌کار هاتبا. ئه‌مه‌ش شێوه‌یه‌کی تره بۆ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی که پێناسه‌کردن له ڕۆمانێکی باش‌دا قه‌ت به ته‌نیا هه‌ر پێناسه‌کردن نییه.
هه‌ستی شوێن گه‌شه‌کردنێکه که به‌شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی دره‌نگ له مێژووی داستانیی په‌خشاندا ده‌ستی پێ‌کرد. هه‌روه‌ک میخاییل باختین هه‌ستی پێ‌کرد شاره‌کانی ڕۆمانسه کلاسیکه‌کان بریتین له شه‌رتومه‌رجی شیاوی جێگۆڕکێ بۆ ته‌ونی ئه‌م ڕۆمانسانه: ئێفێسۆس له‌وانه‌یه هه‌ر به هه‌مان شێوه توانیبای کۆرینس یاخود سیراکۆس بوایه. ڕۆماننووسانی به‌رایییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆمانی ئینگلیسی له باری کۆنکرێتبوونی شوێنه‌وه به ده‌گمه‌ن له ڕۆمانسنووسه‌کان وردتر بوون. بۆ نموونه له‌نده‌ن له ڕۆمانه‌کانی دێفۆ و فیلدینگدا بێبه‌رییه له‌و ورده‌کارییه ڕوونانه‌ی که له‌نده‌ن له ڕۆمانه‌کانی دیکێنزدا هه‌یه‌تی. کاتێک تام جۆنز به شوێن سۆفیای خۆشه‌ویستیدا ده‌گاته پایته‌خت، گێڕه‌ره‌وه پێمان ده‌ڵێت که تام جۆنز
له له‌نده‌ن ته‌واو غه‌ریب بوو؛ کاتێک به هه‌ڵکه‌وت گه‌یشته ناوچه‌یه‌کی شار، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که دانیشتوانی تێکه‌ڵاوییه‌کی زۆر که‌میان له‌گه‌ڵ خاوه‌نماڵه‌کانی مه‌یدانی هانۆڤێر و گراسڤێنۆر هه‌بوو (چونکی ئه‌و به کۆلانی ئینله‌ینی گرێیدا هاته ناو شار) به‌ر له‌وه‌ی ته‌نانه‌ت بتوانێ ڕێگای ناوچه‌ی ئه‌شڕافه شاده‌کان بدۆزێته‌وه، ئه‌و شوێنه‌ی به‌ختیاری و به‌ڕه‌ڵڵایی لێک جیا ده‌بنه‌وه، ئه‌و که‌سانه‌ی بابوباپیرانیان له ڕۆژانێکی باشتردا له دایک ببوون و به هۆی ئیمتیازگه‌لی جیاواز ببوونه هۆکاری به‌جێهێشتنی سه‌روه‌ت و شانازی بۆ جیله‌کانی داهاتوو، بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ر خولاوه.
لێره‌دا له‌نده‌ن ته‌نیا به‌هۆی جیاوازییه‌کانی چین و هه‌لومه‌رجی ژیانی دانیشتووه‌کانی و به گوێره‌ی شرۆڤه‌ی بۆچوونی پڕکینایه‌ی نووسه‌ر، پێناسه کراوه. هیچ هه‌وڵێک له ئارادا نییه بۆ ئه‌وه‌ی که خوێنه‌ره‌وه شار "ببینێت"، یاخود هیچ هه‌وڵێک نه‌دراوه بۆ پێناسه‌کردنی کاریگه‌ریی هه‌ستیی شار له سه‌ر پیاوێکی گه‌نج که بۆ یه‌که‌مجار له گونده‌وه هاتووه‌ته شار. ئه‌مه له‌گه‌ڵ پێناسه‌کردنی دوڕگه‌ی یاکوب له ئۆلیوێر تویستی دیکێنزدا به‌راوه‌رد بکه:
بۆ گه‌یشتن به‌م شوێنه کابرای میوان مه‌جبوره به کۆمه‌ڵێک شه‌قامی ئاڵۆزی داخراو، ته‌سک و قوڕاویدا تێپه‌ڕێت، ئه‌و شه‌قامانه‌ی که تژین له هه‌ژارترین و توڕه‌ترین خه‌ڵکی قه‌راغ ئاو. ... له دوکانه‌کاندا هه‌رزانترین و بێ‌تامترین خۆراده‌مه‌نی له‌سه‌ر یه‌ک هه‌ڵڕژاون؛ زۆرترین و قۆڕترین کراسگه‌ل له‌سه‌ر ده‌رگای فرۆشیار هه‌ڵواسراون، و بای په‌نجه‌ره و دیوارگه‌لی قه‌راغ ماڵه‌کان... ئه‌و به بن ئه‌و دیوارگه‌له له‌رزۆکانه‌دا ده‌ڕوات که ده‌ڕواننه سه‌ر پیاده‌ڕۆکه، ئه‌و دیواره قه‌ڵشیوانه‌ی که وێده‌چی کاتی تێپه‌ڕبوونی ئه‌و بڕوخێن، لووله‌کوره نیوه‌تێکقورماوه‌کان که ها ئێستا بڕوخێن یان ده‌مێکی تر، ئه‌و په‌نجه‌رانه‌ی په‌رژینه‌کانیان له ئاسنگه‌لێکی ژه‌نگاوین که پیسی و زه‌مه‌ن ته‌قریبه‌ن ته‌واو له‌به‌ینی بردوون، هه‌موو نیشانه‌یه‌کی وێرانی و فه‌رامۆشی که له زه‌یندا ده‌گونجێ.
تام جۆنز له 1749دا بڵاو بۆوه؛ ئولیوێر تویست له 1838دا. ئه‌وه‌ی له‌م نێوانه‌دا ڕووی دا بزووتنه‌وه‌ی ڕۆمانتیک بوو که کاریگه‌ریی ده‌وروبه‌ری له‌سه‌ر مرۆڤ قوڵ کرده‌وه و چاوی ئینسانه‌کانی بۆ بینینی جوانیی فراژۆیانه‌ی گوند کرده‌وه و وه‌ک وه‌ڵامێک وابوو بۆ سیمبۆلیزمی تاڵی هه‌ڵاتن له شار له سه‌رده‌می پیشه‌سازیدا.
مارتین ئامیس نوێنه‌رێکی دواتری نه‌ریتی دیکێنزیی گۆتیکی شارییه. تێڕامانی پڕ هه‌یه‌جان و ترسناکی ئه‌و له‌مه‌ڕ شاری دواپیشه‌سازی هه‌ڵگری بۆچوونێکی وشیارکه‌ره‌وه‌یه له‌مه‌ڕ کولتور و کۆمه‌ڵگا له قۆناغی به‌ره‌وتێکچووندا. هه‌روه‌ک دیکێنز، به‌ستێنه‌کانی ئامیسیش زۆرجاران له که‌سایه‌تییه‌کانی سه‌رزیندووترن، ده‌ڵێی ژیان له ناو مرۆڤه‌کاندا قه‌تیس بووه و به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌هریمه‌نی و ڕووخێنه‌ر له ناو شتگه‌لی وه‌ک شه‌قام، ماشێن و ئامرازه‌کاندا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه.
گێڕه‌ره‌وه‌ی پوڵ، جان سێلف(ئامیس هه‌روه‌ها یارییه‌کی دیکێنزییانه له‌گه‌ڵ ناوه‌کاندا ده‌کات) به ته‌واوی که‌سایه‌تییه‌کی ئاڵۆز یان له‌به‌ردڵان نییه. ئه‌و مرۆڤێکی خۆشگوزه‌رانی ملئه‌ستوره که موعتادی خواردنی خێرا و ترۆمبێلی خێرایه، گیرۆده‌ی خواردن و فیلمی ڕووته و له نێوان ئینگلیس و ئامریکا هاتوچۆ ده‌کات و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات که قه‌راردادی فیلمێک ببه‌ستێت که قه‌راره ده‌وڵه‌مه‌ندی بکات. له‌نده‌ن و نیویۆرک دوو شوێنی سه‌ره‌کیی ڕووداوه‌کانن و نیویۆرک ئه‌و شوێنه‌یه که پڕه له بێبه‌ختیی ئه‌خلاقی و فیزیکی، به‌ڵام سروشتی کاره‌که‌ی، به‌ناچاری سێلف به‌ره‌و لۆسئانجێلێس، ناوه‌ندی سه‌نعه‌تی فیلم، ڕه‌کێش ده‌کات.
به‌ربه‌ره‌کانیی فۆڕمی خوازراوی ڕۆمان بریتییه له ڕه‌خساندنی شێواز هه‌م له‌باری وه‌سفی پاراوی عه‌رزی نه‌زۆکی شار و هه‌میش له‌باری ڕه‌وانیی گێڕه‌ره‌وه له‌مه‌ڕ کاراکتێری بێفه‌رهه‌نگ، تاکڕه‌هه‌ند و ته‌وه‌زل. ئامیس ئه‌م ئه‌رکه دژواره به شاردنه‌وه‌ی توانایییه ئه‌ده‌بییه‌کانی خۆی له پشت سه‌ددێکی قسه‌ی سه‌ر شه‌قام، جنێو و فشقییات و جۆک به‌ڕێوه ده‌بات. گێڕه‌ره‌وه به زمانێکی نیوه‌ئاتلانتیکی که به‌شێکی له کولتوری جه‌ماوه‌ریی و ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندنی گشتی وه‌رگیراوه و به‌شێکیشی بریتییه له داهێنانی وه‌ستایانه‌ی ئامیس بۆ خۆی، قسه ده‌کات. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێت یه‌که‌م بڕگه‌ی ئه‌م به‌شه‌ی سه‌ره‌وه کۆدشکێنی بکه‌ین، ده‌بێ بزانین که ئالکاتراز زیندانێکی به‌ناوبانگی کالیفۆرنیایه، "به‌راز" وشه‌یه‌که بۆ زڕاندنی ناوی پۆلیس، "کێشانی موروویه‌ک" به‌مانای هه‌وڵدانه، "به‌ڕه‌ش" وشه‌یه‌کی بازاڕیی ئامریکایییه بۆ قژی ده‌ستکرد (ئه‌گه‌رچی لێره‌دا سێلف له‌م وشه‌یه بۆ قژی ڕاسته‌قینه که‌ڵک وه‌رده‌گرێت)، وه ده‌بێ ئه‌وه‌ش هه‌ڵده‌ین که "سووڕانه‌وه"ش ئاوه‌ڵناوێکه که له "هێلیکۆپته‌ر" وه‌رگیراوه. ئه‌و ئیستعاره‌ی بۆ ئاسمانی ئالوده‌ی شار ده‌کار هاتووه، "په‌ڵه‌یه‌ک له چڵمی سه‌وزی خوا" ئاماژه‌یه‌که به خودای تورات و تووڕه‌بوونی له سودومی سه‌رده‌م، وه هه‌روه‌ک ئێواره‌ی ت. س. ئێلیۆت له "گۆرانیی ئه‌وینی ج. ئالفرێد پرافراک"دا ڕاچڵه‌کێنه‌ره، ئێواره‌یه‌ک که "به‌ره‌و ئاسمان بڵاو ده‌بۆوه/ وه‌ک نه‌خۆشێکی بێهۆشکراو له‌سه‌ر ته‌ختێک"، وه شتێکیش قه‌رزداری وه‌سفی ستێفن دێدالۆسه له یه‌که‌م به‌شی ئولیسه‌دا له‌مه‌ڕ ده‌ریا وه‌ک "شینه- چڵم". به‌ڵام له کاتێکدا که پرافراک ئاکاری کولتوریی به‌رزی هه‌یه و ستێفن لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی وشیارانه‌ی نازناوی خۆشه‌ویستی هۆمێره بۆ ده‌ریا واتا "ڕه‌شه شه‌ڕاب"، جان سێلف وێده‌چێ خه‌ریکی زیاده‌ڕه‌وییه‌ک بێت له چه‌شنی هه‌رزه‌کاریی مناڵه مه‌دره‌سه‌یییه‌کان و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ڕه‌وینه‌وه‌ی ئێمه له پێچه‌ڵپێچییه ئه‌ده‌بییه‌کانی دیمه‌نه‌که.
تێکنیکی سه‌ره‌کی ئه‌م وه‌سفه‌ی لۆسئانجێلێس بریتییه له زیاده‌ڕه‌وی و ده‌ربڕینی له‌باوه‌ڕ دوور. له‌م باره‌وه ئه‌مه وه سکازێکی تر ده‌چێت که پێشتر له‌باره‌ی ڕۆمانه‌که‌ی سالینجێردا باسمان کرد. به‌ڵام گوزه‌ره‌که‌ی ئامیس شتێکه پتر له‌چه‌شنی وتاربێژییه‌کی داڕشتراو که له ڕۆمانه‌که‌ی سالینجێردا هیچ جێگایه‌کی نییه. ئه‌م ڕۆمانه بریتییه له کۆمه‌ڵێک ده‌ربڕینی زیاده‌ڕۆیانه‌ی جۆراوجۆری کۆمێدییانه له‌سه‌ر ناوه‌رۆکێکی باو له‌مه‌ڕ لۆسئانجێلێس وه‌ک شارێک که ته‌رخان کراوه به ترۆمبێل و تژییه له سه‌یاره("ته‌نیا ڕێگایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی بپه‌ڕێیه‌وه ئه‌وبه‌ری شه‌قام ئه‌وه‌یه که هه‌ر له‌وێ له دایک بووبیت")؛ وه به‌شێوه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک نه‌رمتر و که‌متر باو ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه که ئامریکا حه‌زی له شوێنی ورده‌فرۆشیی ته‌واو پسپۆڕانه‌یه، وه هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یکه شۆفێرتاکسییه‌کانی ئامریکا زۆر جاران له‌و که‌سانه پێک دێن که تازه ڕوویان له‌م وڵاته کردووه و ڕێگای هیچ شوێنێک نازانن.
من له‌و دواییانه‌دا که چووبوومه بۆستۆن، سواری تاکسییه‌ک بووم که شۆفێره‌که‌ی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای چوونه ده‌ر له فڕۆکه‌خانه مه‌جبوور بوو سێ جاران له‌گه‌ڵ ڕێنوێنه‌که‌ی به ڕێگای ته‌له‌فۆنه‌وه پێوه‌ندی بگرێ و به ڕووسی قسه‌ی له‌گه‌ل بکات. زه‌حمه‌ته مرۆڤ بتوانێ زیاده‌ڕۆیی له ناشاره‌زایییه‌کی ئاوا بکات، به‌ڵام ئامیس ڕێگایه‌ک ده‌دۆزێته‌وه: "شۆفێره‌کانی تاکسی هه‌موویان خه‌ڵکی هه‌ساره‌ی که‌یوانن و ته‌نانه‌ت دڵنیا نین که ئه‌وان له هه‌ساره‌یه‌کی ڕاستن یان چه‌پ. یه‌که‌م شت که تۆ ده‌بێ بیکه‌ی ئه‌وه‌یه که له هه‌موو سه‌فه‌رێکتدا فێریان که‌ی چۆن لێ‌بخوڕن." زایه‌ڵه‌ی دروشمێکی خۆماڵیی سه‌لامه‌تیی که‌مه‌ربه‌ند، "کلیک، دینگ، هه‌موو سه‌فه‌رێک" وه‌ک ئاماژه‌یه‌کی سه‌رسه‌رییانه به داستانی زانستی، به خێرایی به دوای ئه‌م ڕسته‌یه دادێت- په‌خشانی ئامیس له هاوته‌نیشتییه‌کی به‌مجۆره ڕووناکی وه‌رده‌گرێت و گوڵبژێرێکه له گاڵته‌جاڕیی وشیاریی شاره‌یییانه‌ی هاوچه‌ڕخ. ئه‌م زایه‌ڵه‌یه هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ره به سه‌رزیندوویی و ڕیتمی چرتمه‌یییانه‌ی هه‌موو بڕگه‌که که له چرکه‌یه‌کی دڵخوازانه‌ی تایبه‌تیدا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره که دابه‌شی کۆمه‌ڵێک کۆپلێتی قافیه‌دار ببێت ("تۆ ده‌توانی مه‌یمونه‌که‌ت بده‌ی به شامپۆ بۆت بشۆن، ده‌توانی کێرت بده‌ی بۆت خاڵکوت بکه‌ن").
مه‌ترسییه‌کی وه‌سفی زۆر به ورده‌ڕیشاڵی شوێن(ڕۆمانه‌کانی سێر والتێر سکات نموونه‌ی زۆری له‌م چه‌شنه به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن) ئه‌وه‌یه که ڕیزکردنی کۆمه‌ڵێک ڕسته‌ی ده‌ربڕی خۆشداڕشتراو که له‌گه‌ڵ حه‌زی گێڕانه‌وه‌یی وه‌دواخستن تێکه‌ڵاو کرابێت، خوێنه‌ره‌وه ده‌خه‌و کات. لێره‌دا مه‌ترسییه‌کی له‌م چه‌شنه له ئارادا نییه. کاتی حاڵی ساده هه‌م بۆ پێناسه‌کردنی شوێن و هه‌میش بۆ گه‌شتی گێڕه‌ره‌وه له میانه‌ی ئه‌م شوێنه‌دا به‌کار هاتووه. گۆڕین له حاڵه‌تی کرداره‌کاندا- له حاڵه‌تی هه‌واڵییه‌وه ("تۆ له هۆتێل دێێه ده‌ر") بۆ حاڵه‌تی پرسیاری ("به‌ڵام تۆ بڵێی خواردنی نیوه‌ڕۆت وه‌چنگ که‌وێت؟") وه بۆ حاڵه‌تی ئه‌مری ("مه‌ڕۆ. لێخوڕه. مه‌ڕۆ.") وه گشتاندنی جێناوی دووهه‌م که‌س ("تۆ بۆ لای ڕاست ده‌ڕۆی، تۆ بۆ لای چه‌پ ده‌ڕۆی")- ده‌بنه هۆی به‌شداریی خوێنه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌که‌دا. به دوای زۆر لاپه‌ڕه‌ی له‌م چه‌شنه له‌وانه‌یه تۆ خه‌و بتباته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ماندوویی، نه‌ک له‌به‌ر بێتاقه‌تی.
t درێژه‌ی هه‌یه
<< Home